ئامارو واقیعی پەروەردە

16 ئازار

ئامارو واقیعی پەروەردە

پشتبەستن بە ئاماری پەروەردەیی ، شێوازێکی بنەڕەتی و گرنگی بواری توێژینەوەی پەروەردەیی و هەنگاوە ریفۆرمییەکانی هەر سیستمێکی پەروەردەو فێربوونە لە تێپەڕاندنی بارودۆخێکی دواکەوتووی ژەنگگرتووەوە بۆ واقیعێکی پێشکەوتووترو پرشنگدار لە کایەی کاری ستراتیژیی گەشەکردن و پەرەسەندن و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا . بەرنامەڕێژیی گەشەکردن لە هەموو بوارەکاندا ، هەمیشە پێویستیی بە ئاماری ورد هەیە ، نەک هەر لەڕووی چەندایەتییەوە بەڵکو لەڕووی بەکارهێنانی لەئاستێکی چۆنایەتیی زانستیانەدا ، تا هەڵەو کەموکورتی لە پێشبینیەکانی ئامانجی پلانەکاندا ئێجگار کەم بێت و کاریگەریی لەسەر چوونە پێشەوەیان نەبێت .
راستگۆیی لە کۆکردنەوەی ئامارەکان و ، راستگۆیی مەبەست و دروست بەکارهێنانیان ، رۆڵێکی بەرچاوی لە سەرکەوتنی بابەتە پلانبۆداڕێژراوەکاندا دەبێت . لەبەر ئەوە دەبێت سەرچاوەی ئامارەکان دیاربن و کەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا مامەڵە لەگەڵ ژمارەکاندا بکەن چ لە قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاری و چ لە قۆناغی شیکردنەوەی زانیارییەکان لەبەر تیشکی ئەنجامی ئامارەکاندا .
سەردەمی بەعس ، وەک چاولێکەریی جیهانی پێشکەوتووی ئەو کاتە ، وەک مۆدێل ئاماریی پەروەردەییان دەکرد . هەموو ساڵێک رۆژێکیان بۆ کۆکردنەوەی ئامار دانابوو ، فۆڕمی تایبەتییان بۆ ئامارەکان هەبوو . بەڵام دوو مەبەستی تایبەتی رێگرییلێدەکردن ئامارەکان بەباشی و لەشوێنی خۆیاندا بەکاربهێنن : یەکەمیان مەبەستێکی حزبیانەی دەسەڵات بوو ، دووەمیشیان نمایشکردنی ئامار بوو وەک پڕوپاگاندەو راگەیاندن ، بۆیە بەرنامەڕێژیی بەو دوو ئاڕاستەیەدا دادەڕێژراو ، ئامانجی سەرەکیی کە گۆڕانکاریی ریشەیی و پێسکەوتن بوو نەدەهاتەدی .
لە کوردستانی دوای راپەرینیشدا ، کوردستانێک لەهەموو روویەکەوە وێران ، بەتایبەتی پەروەردەو فێربوون ، ئاوڕێکی راستگۆیانە لە پرسی ئامار نەدرایەوە . ئاستێکی باڵای تێگەیشتن بۆ ئەم پرسە لەلایەن بەرپرسەکانی پەروەردەوە نەبوو ، ئەو بەرپرسە پەروەردەییانەشی شارەزابوون و بارودۆخەکە ئەو ئەرکەی پێسپاردبوون ، بەهەمان رێچکەی بەعسدا رۆیشتنەوەو بەبێ پشتبەستن بە ئامارێکی باوەڕپێکراوی دانیشتوان یان ئامارێکی گشتگیریی ورد لە سەرانسەری قوتابخانەکاندا ، چەندین بەرگی چەند سەد لاپەڕەیی ئاماریان ریزدەکرد . ئەو ئامارانە هەتا ئێستا لە کتێبخانەی دەزگا پەروەردەییەکاندا هەڵگیراون و سوودیان لێوەرنەگیراوە ، چونکە کاتی خۆی وەک چالاکیی بەرپرسەکان دەردەکراو هەنگاوی جێبەجێکردن بەدوایاندا نەدەهات .
ئامارەکانی چەند ساڵی دوای راپەڕین بۆ بەرنامەڕێژیی نەدەکران ، ئەو زانیاریانەی تێیاندا نمایشکراوە زێتر پەیوەندی بە کێشە ئیداری و داراییەکانەوە هەیە ، بەڵام کێشەی پەروەردەی ئێمە ، کێشەیەکی بونیادی بوو ، هەتا ئەمڕۆو دوای بەستنی چوار کۆنگرەش ، هێشتا هەر کێشەکان بونیادییەو ، بە فەلسەفەی پەروەردەیی دەستپێدەکات و هەموو بوارەکانی ئیداری و دارایی و پسپۆڕییەکانی پەروەردەو فێربوون دەگرێتەوە ، واتە بە گشت لایەنەکانی سیستمی پەروەردەو لایەنە هونەرییەکانیشدا تێپەڕدەبێت و ، لەوسەرەوە بەرەنجامەکانی لە بەرهەمە مرۆییەکەیدا دەبینین . واتە بەبەراوردی ( مدخلات و مخرجات ) ی سیستمەکە دەتوانین باری ئێجگار وێرانی پەروەردەو فێرکردن ، وەک واقیعێک دەستنیشان بکەین ، واقیعێک : دەسەڵاتێک دەروات و دەسەڵاتێک دێت ، وەزیرێک دەڕوات و وەزیرێک دێت ، سەدان راپۆرت و بڕیارنامەو راسپاردە لەو کۆنگرەوە بۆ ئەم کۆنگرەی پەروەردەیی دێت و تەنها دەستکارییەکی رووکەشیان تێدا دەکرێت ، کەچی ئەو واقیعە خۆی چەند بارە دەکاتەوەو نائومێدی دەخاتەوە . من پێموایە تا لە رەگەوە ، لەڕووی بونیادییەوە گۆڕانکاریی نەکرێت و یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکان کە ئاماری پەروەردەییە بایەخی خۆی پێنەدرێت ، هیچ بەرنامەڕێژییەکی سەرکەوتوومان نابێت و ، باری لەنگی پەروەردەو فێرکردن هەروا دەمێنێتەوەو کیسەڵئاسا رێدەکات
.

فوئاد قەرەداغی
١٥ – ٣ – ٢٠١٥

لێدوانێک بنووسە