یەکی حوزەیرانی هەموو ساڵێک لەگەڵ ” رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵ ” دا دروشمی ” منداڵان لەپێشترن ” بەگوێی جیهاندا دەدەینەوە !

1 حوزەیران

یەکی حوزەیرانی هەموو ساڵێک لەگەڵ ” رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵ ” دا دروشمی ” منداڵان لەپێشترن ” بەگوێی جیهاندا دەدەینەوە !

ئەگەرچی پێویستیی دابینکردنی مافەکانی منداڵ ، زێتر لە نەوەد ساڵە ، سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی راکێشاوەو ، بەیاننامەیەک لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا سەبارەت بەو مافانە دەرچووە ؛ ئەگەرچی بەدرێژایی سەدەی بیستەم چەندین چاری جیهانی و رێکەوتننامەو بەڵێن لە دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە ، بە تایبەتی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان ، دەربارەی مافەکانی منداڵ جەختی لەسەر کراوەتەوە ، بەڵام هێشتا لەئاستی جیهاندا بەگشتی ، بارودۆخی ژیانی منداڵان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە . هێشتا رۆژانە ململانێی بارودۆخ و گوزەرانێکی دژوار دەکەن ، کۆسپ لەدوای کۆسپ سەرەڕێی گرتوون و بواری گەشەکردنی لێزەوتکردوون ، بوونەتە قوربانیی جەنگە بێ کۆتاییەکان ، برسێتی و بەدخۆراکیی و هەژاریی ، ژیانیانی بۆ ژێر هێڵی سفر راکێشاوە ، بەدەست نەخۆشییە کوشندەکانی وەک شێرپەنجەو ئایدزەوە دەتلێنەوە ، ژمارەیەکی بەرچاویان ژیانی ئاوارەیی بەسەردەبەن ، بێبەشن لە لانیکەمی خزمەتگوزارییەکی مرۆییانەو ، بەردەوام مەرگ یان میوانیانە یان لەژێر هەڕەشەدا رایگرتوون .
منداڵان لە جیهانی ئەمڕۆدا ، بەتایبەتی لە وڵاتانی وابەستەی سیستمی سەرمایەداریدا ، کاریگەرێتیی نەرێیانەی سەرمایەی جیهانگیریان لەسەرەو ، بەدەست هەمو بەڵاکانی ئەم سیستمەوە دەناڵێنن . ئەوان دەکرێنە سووتەمەنی جەنگەکان و لە کردارە خۆکوژییەکاندا بەکاردەهێنرێن ، بازرگانییان پێوە دەکرێت و لە بازاری لەشفرۆشیدا کەسایەتیی مرۆییان ئەتک دەکرێت ، دەیانخەنە نێو بازاڕی ماددە هۆشبەرەکان و دواتریش بەو ژەهرە ئاڵوودەیان دەکەن .
ئەمڕۆ جیهان لەگەڵ واقیعی چەوساندنەوەی فراوانی منداڵان بەرەوڕوودەبێتەوە ، واقیعێک تەنها دواڕۆژێکی مەترسیداری لێچاوەڕوان دەکرێت . واقیعێک دەستەوسانی تێدا بەدیدەکرێت ، واقیعێک بەمەبەست و پلان جیاوازیی جۆراوجۆری تێدا بەرجەستەدەکرێت ، جیاوازیی لەسەر بنەمای نەتەوەو ئایین و ئایینزاو رەنگی پێست و رەگەزو زمان و پێکهاتەی بایۆلۆژی و تەندروستی و پایەی کۆمەڵایەتی و سامان و بیروباوەڕی دایک و باوک و پەیوەندیی یاسایی یان نایاسایی نێوانیان و . . . هتد .
منداڵانی کوردستان ، وەکو منداڵانیدیکەی ئەم جیهانە بەشێکی ئەم نەهامەتیانە بەرۆکی گرتوون ، لەگەڵ خێزانەکانیاندا تاڵ و تفتیی ژیان دەچێژن ، لەگەڵیاندا برسی دەبن ، نەخۆشدەکەون ، رووتوڕەجاڵ دەبن ، ئاوارە دەبن ، لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش دەبن ، پێکەوەش لەسەرەی مەرگدا رادەوەستن .
منداڵانی کوردستان ، باری گرانی ئەو ژیانە سەختەیان بەشانەوەیەو ئاسۆیەکی روونیشیان لێدیارنیە ، بۆیە دەبێت لەم بۆنەیەدا ، پرسەکەیان بخەینە بەرچاوی هەموو دامودەزگاکانی حکومەت ، بیخەینە بەردەم دەزگا باڵاکانی دەوڵەت ، لەپێش دەرگای هەرسێ سەرۆکایەتیی فەڕمیی هەرێمدا نمایشی بکەین ، دەنگیان بگەیەنینە تەلارو بارەگای حزبە دەسەڵاتدارەکان ، کۆمەڵێک داواکارییان بیربخەینەوەو پێیان بڵێین : بەرپرسیارێتیی منداڵان وەک کەرتێکی فراوانی کۆمەڵ ، وەک نەوەی دواڕۆژ ، وەک مرۆڤی خاوەن ماف ، وەک پڕۆژەی گشت کۆمەڵی کوردەواری بۆ ئایندەی وڵاتێک کە پێی دەڵێن کوردستان ، لە ئەستۆی ئێوەدایە ، لەبەرئەوە پێویستە :
– بەرنامەی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی منداڵان دابڕێژن و خۆشگوزەرانییان بۆ دابین بکەن .
– تەندروستیی منداڵان یەکەمێتیی هەبێت ، بەرنامەی نەهێشتنی بەدخۆراکیی دانرێت ، پێداویستییەکانی وەرزش و گەشەکردنی جەستەییان زامن بکرێت .
– هەلی خوێندن بۆ هەموو منداڵان بڕەخسێنرێت ، جیاوازی لەنێوانیاندا نەکرێت ، هەریەکە بەپێی تواناکانی لە خوێندن بەهرەدار بێت . یەکسانی ، یاسای ئەم بوارە بێت .
– سەرجەمی کۆمەڵ بۆ خۆشیی منداڵان و فەراهەمکردنی کەشی پڕاکتیککردنی منداڵێتیی سازبدرێت و ، بەردەوام جەختی لەسەربکرێتەوە ، تا دەبێتە کلتوورو سیمایەکی جوانی مۆدێرن بە ژیانی کوردەواری دەبەخشیت .
– دەوڵەت ئەرکی بەخێوکردن و سەرپەرشتیکردن و پەروەردەکردنی ئەو منداڵانە هەڵگرێت کە بێ سەرپەرشتن ، باوک و دایکیان نییە ، یان هەیانەو بەهەر هۆکارێکەوە بێت نەتوانن بەرپرسیارێتی منداڵەکانیان هەڵبگرن .
– سیستمی بیمەی منداڵێتی دابنرێت ، منداڵان هەتا تەمەنی یاسایی منداڵییان لێی بەهرەمەند بن .
دەبێت دەستپێکی ئەم هەنگاوانە لە هەموارکردنەوەی دەستوورەوە بێت . پێویستە ئەو کەلێنەی سەبارەت بە منداڵ لە دەستووردا هەیە پڕبکرێتەوە . بایەخ و گرنگییەکی تەواو بە مافەکانی منداڵ لە دەستووردا بدرێت *، بۆ پڕاکتیککردنیشی یاسای تایبەت بە مافەکانی منداڵانی کوردستان لەلایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە دەربکرێت ، یان لانیکەم لەدەستووری هەموارکراودا ئاماژە بە رێککەوتننامەو بەڵێن و بەیاننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەند بە مافەکانی منداڵان بدرێت و وەک ئەرکێکی دەستووریی هەمووان ( حکومەت ، حزبەکان ، رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان ، گشت دامودەزگا حکومەتی و غەیرە حکومەتییەکان ، خەڵک و تاکەکەسەکان ) جێبەجێکردنیان لە ئەستۆ بگرن .

• پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان – عێراق ، کە پەڕلەمانی کوردستان – عێراق ، لە ٢٤ / ٦ / ٢٠٠٩ بە دەنگی زۆربە پەسەندیکرد ، تەنها یەک ماددەی بۆ منداڵ و خوێندن تێدایەو ، ئەمە دەقەکەیەتی :

ماددە ٢٧
فێرکردن و خێزان
یەکەم : حکومەتی هەرێم خوێندنی بە خۆڕایی لە هەموو قۆناغەکانی بنەڕەتی و دواناوەندی و زانکۆیی ، هەروەها راهێنانی پیشەیی و فێرکردنی تەکنیکی دەستەبەر دەکا .
خوێندن تا تەواوکردنی قۆناغی بنەڕەتی تەوزیمییە .
دووەم : حکومەتی هەرێم هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ئەستۆ دەگرێت .
سێیەم : خێزان کرۆکی بنەڕەتی کۆمەڵگایە ، لەم روانگەیەوەش پێویستە دایکان و منداڵان بپارێزرێن و چەوساندنەوەی ئابووری منداڵان قەدەغە بکرێ .
چوارەم : حکومەتی هەرێم دامەزراندنی خانەی تایبەتی بۆ سەرپەرشتی و پاراستنی ئەو ژنانە لە ئەستۆ دەگرێ ، کە لەبەر چەند هۆیەکی کۆمەڵایەتی ، دڵنەوایی خێزانییان لەدەستداوە .
پێنجەم : هەموو شێوەیەکی جیاکاری و توندوتیژی و ناهەقی لەنێو کۆمەڵگەو قوتابخانەو خێزاندا قەدەغە دەکرێ .

فوئاد قەرەداغی
١ ی حوزەیرانی ٢٠١٥

لێدوانێک بنووسە