که‌لتووری باو‌و ئاستی تێگه‌یشتن له پەروەردەو فێربوون
که‌لتووری باوی کۆمه‌ڵ ، مۆرکی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێربوونەوە داده‌نێت . له نێوان کارکرده‌کانی ئه‌م هۆکاره‌وه ، جگه له‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سیستمه‌که ده‌ناسین ، زۆر به وردیش ، به‌جۆرو ئاستی بیرکردنه‌وه له کێشه په‌روه‌رده‌ییه‌کان و ئاسته‌کانی تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵات له‌م پڕۆسه‌یه ئاشناده‌بین .
که‌لتووری باوی کۆمه‌ڵ ، هه‌موو ئه‌و کۆهۆشییه ده‌گرێته‌وه ، که به‌ره به‌ره ، له پراکتیکێکی درێژخایه‌نی ره‌فتاره‌کاندا کۆده‌بێته‌وه‌و ، گۆڕانکارییه‌کی چۆنایه‌تی دروست ده‌کات و ، ده‌بێته سیمایه‌کی گشتیی کۆمه‌ڵ و، له گشت بواره‌کاندا – که په‌روه‌رده‌و فێربوون بوارێکی گرنگیانه – ره‌نگده‌داته‌وه .
که‌لتووری باوی کۆمه‌ڵی ئێمه ، چڕبوونه‌وه‌یه‌که له ئاوێته‌بوونی ره‌هه‌نده‌کانی خێڵه‌کێتی و ئایینی و حزبی . هه‌ر یه‌که لەم رەهەندانە مێژوویه‌کی هه‌یه‌و ، ره‌گه‌کانی به ناخی ژیانی کۆمه‌ڵدا رۆ‌چووه‌و ، ره‌نگ و روخساری سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی و کارکرده‌کانی دیاریکردووه . په‌روه‌رده‌و فێربوونیش بوارێکه ، ئه‌م ره‌هه‌ندانه له واقیعی ئیمڕۆی کوردستاندا ، په‌ستوویانه‌ته نێو چوارچێوه‌یه‌که‌وه‌و ، یه‌کێک له‌و ئاستانه‌ی تێگه‌یشتنی له‌م کایه‌یه‌دا پێکهێناوه‌و ، به‌و پێیه‌ش ، لێکترازاندنی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی کردووه‌ته مه‌رجێکی حه‌تمی هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک که بویسترێت له سیستمه‌که‌دا بکرێت .
تێگه‌یشتنی ئایینی له ئه‌رکی په‌روه‌رده‌و بانگه‌وازێکی سیاسی – عه‌قیده‌تی هه‌ندێ ره‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌هه‌ند وه‌ر‌نه‌گرتنی گۆڕانکارییه‌کانی ئیمڕۆی جیهان و ئه‌و پێشکه‌وتنه به‌رچاوه‌ی له کایه‌ی زانست و ته‌کنه‌لۆژیادا هه‌یه ، گێڕانه‌وه‌ی سه‌ر‌خانی کۆمه‌ڵ – که په‌روه‌رده به‌شێکێتی – بۆ رابردوویه‌ک پتر له هه‌زار ساڵ لێمان دووره ؛ به‌ڕاده‌ی جیاجیا‌و زۆر‌و که‌م ئه‌قڵییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و په‌روه‌رده‌یی خستۆته ژێر فشاری خۆیه‌وه ، بۆیە جگه له‌وه‌ی پێکهاته‌ی چینایه‌تی و ئایدیای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زاتی خۆده‌ربازکردنی له‌و ئه‌قڵێیه‌ته تێدا نییه ، یان سه‌وداکاریی سیاسی ئه‌و زاته‌ی لێزه‌وتکردووه ، په‌لی بۆ ته‌واوی پڕۆسه‌که‌ش هاویشتووه‌و له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌نگاوێکی چاکسازیی یان گۆڕانکاریشدا بۆ پێشه‌وه ، به‌سوود وه‌رگرتن له پێگه مێژووییه کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوورییه‌که‌ی ، به‌رنامه‌و پلانی تایبه‌تی ، بۆ رێگرتن له بڕیاردان و به‌ئه‌نجامگه‌یاندنیدا ، هه‌یه .
تێگه‌یشتنی هه‌ڕه‌مه‌کی و نازانستیش لایه‌نێکی دیکه‌یه و ، قوڕی چه‌قین خه‌ستترده‌کاته‌وه ، یان لانیکه‌م ره‌وتی پڕۆسه‌که خاوده‌کاته‌وه‌و ، به‌و خێراییه ناچێته پێشه‌وه که ئه‌م چه‌رخی خێراییه پێویستێتی . ئه‌وه یه‌کێکه له کۆسپه گرنگه‌کانی سه‌ره‌ڕێی په‌روه‌رده له کوردستاندا . نه‌شاره‌زایی چ له ئاستی ده‌سه‌ڵاتدا سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌که‌و ، چ له ئاستی جه‌ماوه‌ریشدا ، که به درێژایی ده‌یان ساڵ یه‌ک قاڵبی په‌روه‌رده‌یان له‌به‌رچاو بووه ، ئاستی تێگه‌یشتنی تا نزیک سفر دابه‌زاندووه . ئه‌وه خاڵێکی سه‌لبیی ناوکۆیی نێوان ده‌سه‌ڵاتی په‌روه‌رده‌یی و جه‌ماوه‌ریشه ( دیاره به رێژه‌یه‌کی جیاواز له یه‌کتری ) . ئه‌م ئاسته‌ی تێگه‌یشتن ( له جه‌وهه‌ردا تێنه‌گه‌یشتن ) له پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده ، رووته‌خت و ئاسۆیی ده‌نوێنێت ، له‌ڕووی سایکۆلۆژیشه‌وه جۆرێک له بێتواناییه یان پشتگوێخستنێکی مه‌به‌ستداره ، بۆ گواستنه‌وه له قۆناغی هه‌ستپێکردنه‌وه بۆ قۆناغی تێگه‌یشتنی ئه‌قڵگه‌رایانه ؛ ته‌نانه‌ت هه‌ندێک دیارده ئاماژه به‌وه‌ش ده‌که‌ن که قۆناغی هه‌ستپێکردنی پانتایی ته‌نگژه په‌روه‌رده‌ییه‌که له ئارادا نه‌بێت ، بۆیه له ئاستی قۆناغی دووه‌مدا ئه‌و ساردی و خاوه‌خاوو بێده‌ربه‌ستییه ده‌بینرێت .
ئاستی تێگه‌یشتنی حزبیانه‌ش له پڕۆسه‌که ، له‌ڕووی مێژووییه‌وه نوێترین ئاستیانه . که‌لتوورێک که ئه‌م ئاسته‌ی خولقاندووه ، بۆ نزیکه‌ی نیو سه‌ده‌یه هه‌یه‌و پیاده ده‌کرێت . ئه‌م که‌لتووره له دوای شۆڕشی 14 ی ته‌مووزی 1958 هاته نێو واقیعه په‌روه‌رده‌ییه‌که‌وه‌و له‌سه‌رده‌می حوکمی به‌عسدا به نه‌رێیانه‌ترین شێوه په‌یڕه‌وکرا . هه‌موو کرداره‌کانی به‌عس له کایه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن‌دا ، هه‌ر له قۆرخکردنی سیستمی په‌روه‌رده‌و داخستنی وه‌ک زۆنگێکی داخراو بۆ خۆیان ، تا ده‌گاته یه‌که یه‌که‌ی پێکهاته‌ی سیستمه‌که ، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یان ساڵی رابردوو یان یه‌ک دوو سه‌ده‌ی رابردووی سیستمی په‌روه‌رده ، کاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر شێوه‌ی تێگه‌یشتنی نادروست له‌م بواره‌دا هه‌بووه . جیاوازی نێوان ئه‌م شێوه تێگه‌یشتنه‌و ئه‌وانه‌ی پێش خۆی – که هێشتا به‌رده‌وامه – له‌وه‌دایه ، ئه‌میان به به‌رنامه‌ڕێژیی و پلان و مه‌به‌ست و “هوشیاری ” یه‌وه په‌یڕه‌وده‌کراو ئامانجی دیاریکراوی هه‌بوو ؛ هه‌ر ئه‌مه‌شه مه‌ترسی له‌سه‌ر دواڕۆژی سیستمه‌که دروستکردووه ، چونکه هیچ رێوشوێنێک بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م که‌لتووره به‌عسییه دانه‌نراوه ، به‌ڵکو که‌لتووره‌که به‌رده‌وامه‌و ره‌گی له هه‌موو بواره‌کانی سیستمی په‌روه‌رده‌دا ، بۆ نموونه وه‌ک ( بڕیار وه‌رگرتن ، ئیداره‌ی په‌روه‌رده ، به‌رنامه‌کان ، تاقیکردنه‌وه‌کان ، رێگاکانی وانه‌گوتنه‌وه ، په‌یوه‌ندی مامۆستا‌و قوتابی ، په‌یوه‌ندی قوتابخانه‌و دایک و باوکی قوتابی . … هتد ) ، داکوتاوه‌و ، هه‌تا ئێستاش ، ئاستێکی به‌رچاوی تێگه‌یشتن له پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێربووندا ، پشت به‌م که‌لتووره ده‌به‌ستێت .
فوئاد قەرەداغی
لێدوانێک بنووسە