پەراوێزێک بۆ بابەتی سێکولاریزم لە بەرنامەی دەسەڵاتی چواردا

21 تەموز

پەراوێزێک بۆ بابەتی سێکولاریزم لە بەرنامەی دەسەڵاتی چواردا

رۆژی هەینی ١٠ / ٧ / ٢٠١٥ کەناڵی ئاسمانیی ( کوردسات نیوز ) لەبەرنامەی ( دەسەڵاتی چواردا پۆلیمیک ( مناظرة ) ێکی سەبارەت بە ( دەستووری هەرێم لەنێوان ئیسلامی و عەلمانی ) دا سازکرد .ئەوەی لەم پۆلیمیکەدا سەرنجی راکێشام ، دوو چەمک یان دوو بیروڕای چەواشەکارانە بوو کە روونکردنەوەیانم بە پێویستزانی ، بۆ ئەوەی بە هەڵە یان بە مەبەست لەلایەن نەیارانی سێکولاریزمەوە نەشێوێندرێن ، وەک ئەوەی مامۆستای لایەنگیری ئیسلامی سیاسیی لە بەرنامەکەدا ،زوو زوو جەختی لەسەریان دەکردەوە .

یەکەم : زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئیسلامن !

ئیسلامییەکان بەپشتبەستن بە زۆرینەو کەمینە بەرپەرچی سێکولاریستەکان دەدەنەوەو ، پێیانوایە “زۆرینە” یەکی موسڵمان لە کوردستاندا ، دەستوورێکی ئیسلامیی دەخوازێت . هەڵبەت لێرەدا باس لە پرنسیپەکانی ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ سەبارەت بە کەمینە ناکەم ، بەڵکو لەڕێی ( بەناو ) بەڵگەکەی خۆیانەوە ، ناڕاستی و چەواشەکاریی ئەم پاساوەیان شیدەکەمەوە .
ئایا راستە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئیسلامن ؟ دەتوانین لە وەڵامدا بڵێین : ( بەڵێ و نەخێر ) چۆن ؟
١ ) بەڵی … ئەو ئامارانەی لەبەردەستان و ، لە تۆمارگەکانی ( فەرمانگەی رەگەزنامەو باری شارستانی ) دان ، دەیسەلمێنن کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ( لەڕووی ژمارەوە ) موسڵمانن و ، ئەم شوناسەیان لە ناسنامەکانی باری شارستانیدا تۆمارکراوە ، واتە بە ناسنامە زۆرینە موسڵمانن . ئەمە راستییەکی دۆکیۆمێنتکراوەو کەس ناتوانێت نکوولی لێبکات .
٢ ) نەخێر … واقیع ئەوە رادەگەیەنێت کە زۆرینە موسڵمان نین ، چۆن ؟
أ – لەپاڵ ئەو زۆرینە ژمارەییەدا ، ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتوانی کوردستان کە خۆی لە ملیۆنێک زێتر دەدات ، موسڵمان نین و ، ئایینیدیکەیان هەیە ، وەکو ئێزدییەکان ، مەسیحیەکان ، کاکەییەکان ، زەردەشتییەکان ( کە سەرەتایەکیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی زەردەشتی دەستپێکردووە ) ، هەروەها ژمارەیەکی نادیار ( بەهۆی تەکفیرکردن و فشارو دنەدانی ناوەندە ئاییییەکان) لە خەڵک ، یان باشتر بڵێین : هاووڵاتیی ( بێدین ) و ( ئاتەیست – مولحید ).
ب – ئایا لەڕووی عەقیدەوە ، موسڵمانان زۆرینە پێکدەهێنن ؟
لەراستیدا بەبێ ئامارێکی ورد ناتوانرێت بڕیار لەمە بدرێت و ، کەس ناتوانێت یەکلاییبکاتەوە ، بەڵام لەڕێی تێبینییەوە دەتوانرێت هەندێک ئاماژە بەدەستبهێنرێت . ئەم ئاماژانە پشت بە پرنسیپە بنەڕەتییەکانی ئیسلام دەبەستن .
پرنسیپە بنەڕەتییەکانی ئیسلام شوناسی کەسایەتیی موسڵمانی دیاریکردووە ، موسڵمان دەبێت ئەو پرنسیپانەی قبووڵ بێت و لە ژیانیدا پەیڕەویان بکات ، جگە لەوانەش کۆمەلێک رەوشت و رەفتار هەیە دەبێت وەک بەشێک لە کەسایەتییەکەی پیادەی بکات و . ئەگەر پێچەوانە کاریکرد سزای خوایی بۆ دانراوە .
پرنسیپە بنەڕەتییەکان بریتین لە : ( شەهادەت ، نوێژکردن ، رۆژووگرتن ، زەکاتدان ، حەجکردن ) ، بەشێک لە زانایانی ئیسلام ، ( قەزاو قەدەر ) یش ، وەک پرنسیپی شەشەم پاڵ ئەو پێنج پرنسیپە بنەڕەتییە دەخەن . ئەو پرنسیپانە مەرجی موسڵمانبوونن ، بەجێنەگەیاندنی هەریەکێکیان دەبێتە مایەی دەرچوون لە ئیسلام ، لێرەوە دەتوانرێت پرسیارەکان بکرێت :
– بە چ رێژەیەک ( لە ناخی دڵ و باوەڕەوە ) موسڵمانان شەهادەت دەهێنن و بەڕاستی لە کارو هەڵسوکەوتی رۆژانەیاندا پەیڕەوی دەستەواژەی ( لا ألە الا اللە ) دەکەن .
– ژمارەی ئەوانەی نوێژ دەکەن و ئەوانەی نوێژناکەن چەندە ، تێبینی ئەوە دەکرێت ( نەک بەپێی ئامار ) ، ئەگەر وەکو یەک نەبن ، ئەوا ژمارەی ئەوانەی نوێژ ناکەن ، یان نوێژ لەترس و لەبەر دەوروبەرەکەیان دەکەن زێترە لەوانەی ، لە باوەڕەوە نوێژ دەکەن ، واتە ئەو ژمارەیەش لە خەڵک ، بەپێی ئایین بە موسڵمان دانانرێن .
– بۆ رۆژووگرتنیش بە هەمان شێوە ، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان ، بەبێ پاساوێکی شەرعی وەک لە پرنسیپە ئیسلامییەکانی رۆژووگرتندا هاتووە ، بەڕۆژوو نابن ، بە تایبەتی لە نێو شارەکاندا ئەو دیاردەیە ئاشکرایەو ، نیوەڕوان لە ریستۆرانتە مۆڵەتپێدراوەکاندا دەبینرێت ، واتە ئەوانیش لە ریزی موسڵمانان ئەژمار ناکرێن .
– زەکاتیش وەک پرەنسیپێکی ئایینی کارێکی فەردییەو ، دامەزراوەی ئایینی رێکینەخستووە ، بۆیە ناتوانین ژمارەی ئەوانەی زەکاتی پارە و موڵک و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان دەردەکەن بەپێی ئەو رێژەیەی ئیسلام دیاریکردووە ، نازانین چەند دەبن و بەکێی دەدەن ، بەڵام بوونی نەدارو هەژارێکی ئێجگار زۆر ، نیشانەیە بۆ ئەوەی بەشێک لە دەوڵەمەندەکان پابەندی ئەم پرنسیپە بنەڕەتییە نین ، بەو پێیەش ، هەریەکێک لەوانە زەکات نەدات لە موسڵمانبوون دەچێتە دەرەوە .
– دوا پرەنسیپی سەرەکی ئیسلامبوون حەجکردنی ئەو موسڵمانانەیە کە توانای ماددی و جەستەییان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە ئایینییە . ئەگەرچی چەند ساڵێکە بەربەستی دیاریکردنی ژمارەی حاجیانی هەر وڵاتێک لە ئارادایە ، بەڵام بەر لەوە رێژەی حاجیان زۆر کەمتر بوو لە رێژەی ئەو دەوڵەمەندانەی حەجیان لەسەر بوو .
جگە لەم پرنسیپە بنەڕەتیانە کۆمەڵێک رەوشت و رەفتاری حەرامکراو هەیە لە ئیسلامدا ، ئەگەرچی نابنە هۆکاریی دەرچوون لە ئیسلامەتی ، بەڵام بەپێی قورئان گوناهن و سزای دنیایی و ئەولایی خوداییان لەسەرە ، واتە کەسایەتیی تاکەکەسی موسڵمان بەپێی رێسا ئیسلامییەکان لەکەدار دەکات ، هەندێک لەوانە بە ( الکبائر ) دادەنرێن و حوکمیان نزیکە لە حوکمی جێبەجێنەکردنی پرنسیپە بنەڕەتییەکانی ئیسلامەوە . لێرەدا ئاماژە بەهەندێک لەو رەوشت و کردارو رەفتارانە دەدەین ، کە بەپێی دەقە قورئانی و سوننەتەکانی پەیامبەر ، ئیسلامیانە نین :
– کوشتن .
– زیناکردن ( سێکس لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئیسلامیی ) .
– دزیکردن لە شێوە سادەییەکەیەوە بۆ شێوە ” مۆدێرن ” ەکەی ( قازانجی بازرگانە گەورەکان و کۆمپانیاکان ) و ( بەشێکی هێزی کاری کرێگرتەی کرێکاران و رەنجدران ) .
– خواردنەوەی مەشروب و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ، تەنانەت جگەرە بەپێی مەزهەبی وەهابی .
– قومارکردن بە هەر شێوەیەک بێت .
– سووخواردن .
– حیجابنەکردن و خۆڕازاندنەوەو خۆچواندن بە پیاوان لە رەفتارو جوبەرگدا بۆ ژنان .
ئەگەر وردتریش بەنێو ئایەتەکانی قوڕئان و حەدیسیشدا بگەڕێین ، ئەوا چەندین کردارو رەفتارو پرنسیپی رەوشتیانە هەیە ، دەرچوونە لە دەقە پیرۆزەکان . بۆیە سەرجەمی ئەو کەسانەی پڕاکتیکیان دەکەن ، لانیکەم بە موسڵمانی تەواو ناژمێردرێن . سەردانی زیندانەکان ، یانەو شوێنی سەمای هەندێک لە هۆتێلە چەند ئەستێرەییەکان و جێگاکانی لەشفرۆشی ( جگە لەشوێنە شاراوەکان ) ، دەستبڕین و ئاڵموساتمی بازاڕەکان ، دامەزراوە فەڕمی و نافەڕمییەکان بۆ تێبینی گەندەڵییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ، شوێنەکانی قومارکردنی بچووک و گەورە ، هەر لە دۆمینەو ئەزنیف و تاوڵەو کۆنکەنەوە لەسەر پارە تا بە ( رۆلێت ) دەگات ، سەردانی مەیخانەکان و ئەژماری رێژەی مەیخۆران و سەرفبوونی مەشروب ، بەتایبەتی لە سەیرانگاکاندا . . . هتد ، ئەمانە هەموویان نیشانەی ئیسلامنەبوونی کۆمەڵن ، یان لانیکەم کاڵبوونەوەی ئیلتیزامە بە یاساو رێساو رێنماییە شەرعییەکانی ئیسلام ، بۆیە سەرلەبەری ئەو ئیددیعایەی دەڵێت زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن دەکەوێتە ژێر پرسیارەوەو راست نییە ، بەپێچەوانەوە کەمایەتییەک موسڵمانی راست هەیە کە پەیڕەویی تەواو لە ئاینەکەیان دەکەن ، بەم پێیەش پاساوێک نامێنێتەوە بۆ دەستوورێکی ئیسلامی بەڵکو ئەوە دەستوورێکی سێکولارە دەتوانێت باڵانسی پێکەوەژیان و ماف و ئەرکی گشت دەنگ و رەنگێک بپارێزێت ، باڵانسی کۆمەڵ لە نێوان چەندایەتی و چۆنایەتیی ئیسلامبووندا رابگرێت .

دووەم : حیزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا سێکولارن !

یەکێک لەو چەواشەکاریانەی لە رەوتی ئیسلامی سیاسیی کوردستانی دەبیستین ، پێناسەکردنی حزبە کوردستانییەکانە ، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی و ، گۆڕان – یش دوای بەشداریکردنی لە دەسەڵاتدا ، وەک حزب و دەسەڵاتی سێکولار .
رەوتی ئیسلامی سیاسیی بەم پێناسەکردنە سێ مەبەستیان هەیە :
أ – جێگیرکردنی پێگەی عەقیدەیی خۆیان لەنێو ئەندامان و هەوادارانیاندا ، وەک بەشێک لەو ململانێیەی لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکاندا ، لەسەر جێوڕێی سیاسییان لەنێو کۆمەڵدا هەیانە .
ب – شاردنەوەو پەردەپۆشکردنی بەشدارییان لە دەسەڵات و ، ئەو موساوەمەیەی بەردەوام لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکاندا کردوویانەو دەیکەن ، بە سەردەمی دوو ئیدارەییشەوە کە لەمبەرو لەوبەر دیانخوارد .
ج – ناشیرینکردنی سێکولاریزم بەهۆی بەرنامە سەرنەکەوتووەکانی حکومەتی هەرێم و ئەو گەندەڵییەی سەرتاپای دەزگا دەوڵەتییەکانی گرتۆتەوە و ، ئەو بارودۆخەی کوردستان ، لە چارەکە سەدەی رابردوودا ، پێیدا تێپەڕی ، بەشەڕی ناوخۆو گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە ، هەر لە ئابڵووقە ئابوورییەکەی دوای راپەڕینەوە تا سەر بێمووچەیی و بژێویی نالەباری خەڵکی لە ئەمڕۆدا .
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانج و مەبەستانە ، رەوتی ئیسلامی سیاسیی ، سێکولاریزم دەلکێنێت بە حزبەکانی دەسەڵاتەوەو ، بەمەش دەیانەوێت ، لەیەک کاتدا ، چەند چۆلەکە بەبەردێک بپێکن و شانی خۆیان لەو نەهامەتیانەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە ، خاڵیبکەنەوە .
سەبارەت بەم پرسە و ، لەنێوان مشتومڕو دایەلۆگدا ، چەندین جار ، راستیی سێکولارنەبوونی حزبەکانی دەسەڵات ، بە بەڵگەوە ، نیشانی ئەم رەوتە دراوە ، بەڵام لەبەر بەرژەوندییە حزبی و عەقیدەیەکانی خۆیان ، چاویان لە ئاستیدا دادەخەن و ، لەڕێی جەختکردنەوە لەسەر ئەم بیروبۆچوونەیان ، دەیانەوێت وەک راستییەکی سەلمێنراو لە نێو کۆفیکریی خەڵکیدا بیسەپێنن .
ئایا حزبە دەسەڵاتدارەکان سێکولارن ؟ ئایا سێکولاریزمی کوردی ( وەک رەوتی ئیسلامی سیاسیی پێداگریی لەسەر دەکات ) بەرپرسە لە سەرجەم گیروگرفت و تەنگوچەڵەمەکان ؟ ئایا تا ئێستا شتێک هەیە بەناوی سێکولاریزمەوە ، چ لە شوناسی حزبەکانی دەسەڵاتی هەرێمدا ، یان لە شوناسی دەوڵەتدا ( حکومەتی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان ) ؟
بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە ، لەچەند روویەکەوە ، پرسەکە تاووتێدەکەین :
١ ) لەڕووی سیاسییەوە :
سەرەتا دەبێت ئەو راستییە تۆماربکەین کە حزبەکانی دەسەڵات لەبەرنامەکانی خۆیاندا ، دوورونزیک ، تەنها خاڵێکیان دەربارەی سێکولارکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگای کوردستان نییە. جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت ، لە بەرنامەیاندا نییە . دەستوورێک کە پەڕلەمانی ئەم حزبانە دایانناوە ، دەستوورێکی ئیسلامییە ، کۆپیی دەستووری کۆنەپەرستانەی حکومەتی ناوەندە ، واتە ( دەستووری هەمیشەیی عێراق ) . دوو حزبە سەرەکییەکی دەسەڵات لە بیست ساڵی رابردوودا ، زێتر بە تەنگ حزبەکانی ئیسلامیی سیاسییەوە هاتوون و پەیوەندییان لەگەڵدا گەرمکردوون ، حزبی سێیەمی دەسەڵاتیش دوای هەڵبژاردنی پەڕلەمان و ” حکومەتە بنکە فراوانەکە ” واتە ( گۆڕان ) حزبێکی نیمچە ئیسلامییەو ، کاندیدەکانی بۆ پۆستە باڵاکان ، ئیسلامین و مەیلیان بۆ ئیسلامیی سیاسییە ، یان پێشینەیەکی ئیسلامییان هەبووە و هەڵوێستی خۆیان لە پاراستنی رێساو یاسا نەگۆڕەکانی ئیسلام ناشارنەوە. لەسەرێکیدیکەوە ، ئەگەر دەسەڵات سێکولارە ، چۆن مۆڵەتیداوە رەوتێک لە چوارچێوەی چەند حزبێکدا لەسەر بنەمای ئایین کاربکەن ؟ چۆن رێیداوە بنکەو بارەگا لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا بکەنەوەو بانگەوازی خەڵکی بکەن بۆ کارکردن لە پێناوی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیدا وەک دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام ( داعش ) ؟ چۆن رێگە دەدات رێکخراوی زانایانی ئیسلامی دەستوەربدەنە کاروباری دەوڵەت ؟ هەڵوێستوەربگرن لە وەرگرتنی قەرزی دەرەکی یان فشاربخەنە سەر لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور یان بەرەنگاری یاسای باری کەسێتیی کانتۆنی جەزیرە ببنەوە لە رۆژئاوای کوردستان .
٢ ) لەڕووی ئابووریەوە :
لەم رووەشەوە کۆمەڵیک پرسیار دەبێت بکرێت . ئەگەر حزبەکانی دەسەڵات یان دەسەڵات ، وەک فەرمانڕەوایی ، سێکولارن ، چۆن لە بودجەی گشتی ، کە بە گریمان موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە ، بودجەی تایبەتی بۆ حزبە ئایینییەکان دەبڕنەوە ؟ چۆن دەبێت وەزارەتێک بۆ ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەبێت ؟ چۆن دەبێت مووچەی زانایانی ئایینی لە بودجەی گشتی بدرێت ؟ یان خەرجیی بنکەو شوێنە ئاینیەکان و بنیاتنان و نۆژەنکردنەوەیان لە بودجەی حکومەت بکرێت ، بە پێچەوانەی هەموو سیستمە سێکولارەکان ، کە ئەو خەرجییانە ، دامەزراوە ئایینییەکان دەیکەن ، لەو پارەیەی شوێنکەوتووانی ئایینەکە پێشکەش بە مەرجەعە ئایینییەکانی خۆیانی دەکەن ؟
٣ ) لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە :
دەستێوەردان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان لایەنێکیدیکەی کاری رەوتی ئیسلامی سیاسییە لە کوردستاندا . ئەو ئازادییەی لەم بوارەدا بۆ ئەم رەوتە هەیە ، لە ژێر سایەی هیچ دەسەڵاتێکی سیاسیی سێکۆلاردا رێگەپێدراو نییە . هەڵبەت ئەمە یەک تۆژینەوەی زانستیی مەیدانیی دەوێت تا بە داتا ئەو راستییە رونبکرێتەوە ، بۆیە لێرەدا چەند دیاردەیەکی تێبینیکراو دەستنیشان دەکەین ، وەک سەلماندنێک بۆ سێکولارنەبوونی دەسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا . ئاخر ئەگەر دەسەڵات سێکولار بێت ، چۆن پاش چارەکە سەدەیەک لە دامەزراندنی حکومەتی خۆماڵیی ، هێشتا یاسای باری کەسێتیی ئیسلامیی لە دادگاکاندا پەیڕەودەکرێت ؟ هێشتا فرەژنیی بە یاسا رێپێدراو دەبێت و هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە پەڕلەمانێکدا زۆرینەی حزبەکانی دەسەڵات بێت ، دەنگی پێویست ناهێنێت ؟ هێشتا رێوڕەسمی هاوسەرگیریی و هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە پەیوەندیی ژن و پیاوەوە هەیە ، بە فەڕمی نەبراونەتە دادگا مەدەنییەکان ؟
ئەگەر دەسەڵات و حزبەکانی کوردستان سێکۆلار بن ، چۆن بە هەزاران ژن بەپێی داب و نەریتی خێڵەکی دەکوژرێن و ، بکوژەکانیان بە ئازادیی دەسوڕێنەوە ، نە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و نە دادگایی دەکرێن ، ئەوەشی دەچێتە دادگا بە ناوی پاراستنی شەرەف و ناموسەوە ، بەپێی ئەو بڕگە یاساییانەی ئەم چەمکە باوکسالارییە بەرجەستە دەکەن ، وەک بەرزەکی بانان بۆیدەردەچن ؟
ئەگەر دسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات سێکولار بن ، چۆن ئازادییە تایبەتییەکانی تاکەکەس دەچێتە ژێر هەژمونی نەرێیانەی رەوتی ئیسلامییەوە ، بۆ نموونە : دیاردەی پۆشێنی حیجاب و گشتیبوونەوەی ، لەکاتێکدا بەر لە سێی ساڵ لەمەوبەر ، نە لە فەرمانگەکان و نە لە خوێندنگاو زانکۆکاندا ، بە دەگمەن نەبێت ، ئەو دیمەنە نەدەبینراو ، وەکو ئێستا باونەبوو ؟
ئەگەر دەسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات سێکولار بن ، چۆن بۆنە کۆمەڵایەتییەکان دەچنە ژێر کاریگەرێتیی رەوتی ئیسلامیی سیاسییەوە ؟ بۆ نموونە ( هەڵسان لە پرسەو خوازبێنی لەکاتی شەکراوخواردنەوە ) دا ، کە دەبێت بەپێی رێوڕەسمێک مەلایەک یان کەسێکی ناسراوی دیندار ، ئەویان کۆتایی پێ بهێنێ و ئەمیان دەستپێبکات .
٤ ) لەڕووی رۆشنبیرییەوە : چالاکیی رۆشنبیریی و راگەیاندن ، یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسییە لە کوردستاندا .
ئەگەر دەسەڵات و حزبەکانی سێکولارن چۆن ئەم بوارەیان رەخساندووە ؟ چۆن رێگەدەدەن نەریتەکانی ئاینێک بە تەنها ، دژ بە ئاینەکانیدیکە یان بێدینەکان ، بانگاشەی بۆ بکرێت ؟ چۆن رێگە دەدەن کتێبخانەکان ( فەڕمی و نافەڕمی ) یان پڕ بکرێن لەو کتێبانەی جیاوازی رەگەزی و ئایینی تەرویج دەکەن ؟ چۆن رێگە دەدات بە هەزاران ( سی . دی ) بانگخوازە بیانییەکان ، بەتایبەتی بانگخوازە سعودییەکان ، لە بازاڕەکانی کوردستاندا بفرۆشرێن ؟ چۆن رێگەدەدەن ئەم هەموو کەناڵانەی راگەیاندن ، بە بینراوو بیستراوو نووسراوەوە هەبێت و لە سەرچاوەی خەرجییەکانیشی نەکۆڵنەوە ؟ لە سایەی چ دەوڵەتێکی سێکولار لەم جیهانەدا ئەم هەڵوێستە وەرگیراوەو ، لە کایەی سیاسیدا جێبەجێکراوە ؟
٥ ) لەڕووی پەروەردەو فێربوونەوە :
بزووتنەوەی سێکولاریست لەجیهاندا ، هەر لە سەرەتاوە ، دوو مەرجی سەرەکییان بۆ سێکولاربوون داناوە : یەکەمیان ( جیاکردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت ) ئەویدیکەیان ( جیاکردنەوەی ئایینە لە پەروەردەو فێربوون ) .کورتەی ئەم دوو پرنسیپە سێکولارە ئەوەیە ، ئایین دەستوەرنەداتە کاروباری دەوڵەت و پڕۆسەی پەروەردەو فێربوونەوە . ئەم دوو بوارە گشتی بن ، بۆ هەمو هاووڵاتییان بن بە جیاوازیی ئایین ، ئایینزا ، رەگەز ، نەتەوە و ئیتنییە جیاجیاکان ، زمان ، رەنگی پێست ، ئینتیمای فیکری و حزبی ، بڕواداری و بێبڕوایی . . . هتد .
لە خاڵەکانی پێشتردا ئاماژەمان بۆ ئەو بوارانەکرد کە پەیوەندییان بە جیاکردنەوەی ئایین هەیە لە کاروبارە تایبەتییەکانی دەوڵەت ، لێرەشدا دەچینە سەر بواری پەروەردە ، بۆ ئەوەی جارێکیدی بیسەلمێنین ، حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و دەسەڵات بە گشتی سێکولار نین .
ئەگەر دەسەڵات سێکولارە ، چۆن رێگەدەدات لەسایەیدا قوتابخانەی تایبەتیی ئاینێکی دیاریکراو هەبێت ؟ ئەگەر هەلی چوونیەک بۆ شوێنکەوتوانی هەموو ئایین و ئایینزاکان هەبێت بۆ کردنەوەی قوتابخانەی تایبەت بە ئایینەکەیان ، چۆن دەبێت دەوڵەت ، لە بودجەی گشتیی پارەی هەمو هاووڵاتیان ، ئەرکی خەرجییان بکێشێت ؟ چۆن دەبێت ئاگاداری بەرنامەکانی خوێندنیان نەبێت و . چارەنووسی بەشێکی بەرچاوی منداڵانی وڵاتەکەی بداتە دەستیان ؟ چۆن دەبێت لە جیاتی خوێندنی مێژووی ئایینەکان و بنەما ناوکۆییەکانیان ، بەتایبەتی لەبواری رەوشتی شەخسی و ژیانی کۆمەڵایەتییاندا ، وەک بوارێکی مەعریفیی مێژوویی بەشەرییەت ، تەنها یەک ئایینیان پێبخوێنرێت و بەمەش فەزڵی ئایینێک بەسەر ئایینەکانیدیکەدا بدرێت ؟ چۆن دەبێت و دەکرێت . پرنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون و مرۆڤبوون ، لەگەڵ بوارێک کە ئایدیۆلۆژیایە ، وەک بوارە سیاسییەکە پێکەوە بسازێندرێن ؟ یان چۆن دەسەڵاتێکی سێکولار رێگەدەدات ، خوێندکاران لەڕێی بەرنامەکانی خوێندنەوە ، لە نێوان لێکدانەوە ئایینییەکان و زانستییەکانی سەردەمدا رابمێنن ، بەتایبەتی سەبارەت بە ئافراندنی گەردوون و مرۆڤ و زۆر لەو کایانەی ژیان کە لێکدانەوەی جیاوازیان لەڕووی زانست و ئایینەوە بۆ دەکرێت ؟
خستنەڕووی ئەم دەلیلانە بۆ سێکولارنەبوونی دەسەڵاتی کوردی و حزبە فەرمانڕەواکان ، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ، تەنها چەند نموونەیەکن لە خەروارێک ، ئەگینا لە ژیانی رۆژانەو ، هەڵسوکەوت و هەڵوێستی حزبەکانی دەسەڵاتدا ، دەیان بەڵگەیدیکە هەن سێکولارنەبوونیان دەسەلمێنن .
دیارە سێکولارنەبوونی تیۆری و پڕاکتیکیی ئەم حزبانەی دەسەڵات بەو واتایە نایەت کە خەڵکی سێکولار لە ریزەکانیاندا نەبێت . ئەم حزبانە لە نێوخۆدا خاوەنی فیکرێکی یەکگرتوو نین ، یەکگرتوویی فیکرییان نییە ، بەو پێیەش یەکێتیی ئیرادەو یەکێتیی کارکردنیان تێدا نییە ، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێشینەیەکی چەپیانەی هەیە ، بۆیە دەبینین خەڵکی سێکولار ، لە ئاستی هەندێک پرسی تایبەتیدا وەک هەموارکردنەوەی دەستوورو هەڵوێست لە سێکولاربوونی ، بە گشتیش لە رەوتی ئیسلامی سیاسی ، رای خۆیان هەیەو ، بە فەردی یان وەک هێڵێکی جیاواز لە هێڵی گشتیی حزب ، نەک رێکخراوەیی ، سەرهەڵدەدەن و بە بەرەی مەیلی سێکولاریستی کۆمەڵەوە پەیوەست دەبن .
ئیسلامی سیاسیی لەسەر ئەم دیاردەیە کاردەکات و وەک بەڵگەیەکی لاواز بۆ بەزۆر ناساندنی حزبەکانی دەسەڵات ، وەک حزبی سێکولار سوودیلێوەردەگرێت . بەڵام بە دڵناییەوە ، ئەم شێواندنە تاسەر نابێت و ، بەری رۆژیش بە بێژنگ ناگیرێت .

فوئاد قەرەداغی
١٢ و ١٣ ی تەمموزی ٢٠١٥

لێدوانێک بنووسە