سەرەتاکانی دەستکردنم بە خوێندن

24 ئاب

یادەوەرییەکانی گەشتی تەمەن

سەرەتاکانی دەستکردنم بە خوێندن
فوئاد قەرەداغی
کۆمەلێک رووداوی لەسەریەک و خێرا ، لە سەروبەندی چوونم بۆ قوتابخانەدا ھەیە ، لەبەر ئەوەی زۆر منداڵ بووم ، ئێستا بە وردی ناتوانم کاتەکەیان بەرودوا دیاریبکەم، بۆیە ھەوڵدەدەم مێشکم بگوشم و وێنەیەکی زۆر نزیک لێیان بگرم و لێرەدا نمایشیان بکەم .
بە مەزەندەی خۆم کۆتایی ساڵی 1949 بوو ماڵمان لە ھەڵەبجەوە ھاتەوە بۆ سلێمانی .ماڵەکەمان لە پشتی لۆرییەکی ( ئەنتەرناش ) بارکرابوو . ئێمە لەپێشی لورییەکەدا بووین ، دایکم فەھمی برامی لە باوەشدابوو ، منیش لەباوەشی باوکمدا دانیشتبووم . زۆر لە ھەڵەبجە دوور نەکەوتبووینەوە خەوم لێکەوتبوو ، کاتێک بەئاگاھاتمەوە لە سلێمانی بووین . ئەو خانووەی لێی دابەزیبووین نزیک ماڵی باپیرم ( باوکی دایکم ) بوو ، دەستەیەکی خانووەکەی ( حاجی عومەری سەلیم ) بوو ، لە کۆڵانی سەر ئەو چوخمەی ئێستا لە چاپخانەی ( کامەرانی ) یەوە بۆیدەچیت . منداڵەکانی حاجی گەورە بوون ، تەنھا دووانیان منداڵ بوون ، ئەوانیش کچێک کوڕێک بوون بەناوەکانی ( ئامین و دلێر ) دلێر ھاوتەمەنم بوو بەڵام ئامین دوو ساڵێک یان زێتر لە ئێمە گەورەتر بوو. من زوو ھۆگریان بووم ، ھەموو رۆژێک یاریماندەکرد ، ناوە ناوەش شەڕماندەکردو ، ھەر زووش ئاشتدەبووینەوە .
دوای چەند مانگێک گواستمانەوە بۆ خانووی ( حاجی فەقێ شاڵی ) لەبەر خانەقا ، لەکۆڵانێکی نزمدا بەرامبەر (حەمامی حاجی ئەوڵا ) نزیک لە خانەقای مەولانا خالید . کۆڵانەکە سێ یان چوار خانوو بوو. دراوسێی نزیکمان کە دەرگامان بە دەرگاوەبوو ، خزمایەتیشمان ھەبوو ، ماڵی مەلا ئەوڕەحمانی حافز ( مەلا کوردە ) باوکی کاک شەوکەت و کاک رەفعەت بوو ، بەرامبەریشمان خانوویەک بوو ، ھاوسەرو منداڵەکانی تێکۆشەری ناسراو ( نوری ئەحمەد طە ) ی تێدا بوو ، کە ئەوکاتە حکومەتی پاشایەتی عێراق زیندانیی کردبوو. ( شیرین ) ی کچی ھاوتەمەنی من بوو یان بچووکتر زۆر کەم دەھاتە بەردەرگا ، ( ئاسۆ ) ی کوڕیشی لە ئێمە گەورەتر بوو، مەگەر لە ھاتنەوەی یان چوونەدەرەوەیدا بمانبینیایە .
بەم جۆرە لەو کۆڵانەدا منداڵت بۆ یاریکردن نەدەدیت ، تەنھا من و رووناکی مەلا ئەوڕەحمان دەماینەوە ھاوتەمەن بین و یاری بکەین ، لەبەر ئەوە ئەو ماوەیەی لەو خانووەدا بووین ، تەنھا دووھاوڕێی یاریکردن بووین لە کۆڵانەکەدا ، یاریشمان زێتر لە ماڵەوە دەکرد .
ئەوبەری شەقامەکە ، بەڕیزی مزگەوتی خانەقاوە ریزێک دوکانی لێبوو ھەموویان ناسیاوبوون . یەکێک لەوانە حوجرەکەی مەلا جەبار بوو . من ھەموو رۆژێک بۆ خەرجکردنی رۆژانەکەم بۆ ئەو دوکانانە دەچووم.
مەلا جەبار لەپێشی حوجرەکەیدا شتی بۆ منداڵان دانابوو ، ناو دوکانەکەش کۆمەڵێک منداڵی تێدابوو دەوری قورئانیان دەکردەوە ، بۆیە بۆ من سەرنجڕاکێشبوون و بەدیاریانەوە کەمێک رادەوەستام. دیاربوو باوکم ھەستی بەمەکردبوو ، لەبەرئەوە رۆژێک پەلیگرتم بۆ لای مەلا جەبارو وەک قوتابی لە حوجرەکەی دانام .
نازانم ئەو رۆژە مەلا جەبار دەرسی پێگوتم یان نە ، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە یەکێک لە ، قوتابییەکانی بانگکرد ناوی (خالید ) بوو ، پێیڕاگەیاند کە لە سبەینێوە لای ئەو دادەنیشم و ئاگادارم دەبێت.
رۆژانە – جگە لە ھەینی – دەوامم دەکرد ، رۆژانەکەمان لەوێ خەرجدەکرد ، چ مامۆستا مەلا جەبارو چ ( خالید ) ھەوڵیاندەدا پیتەکانم فێربکەن . پیتەکان لە یەکدوو پەڕەی پێشەوەی جوزئی ( عم )ەدا نوسرابوون ، دەورمان دەکردەوەو ، منیش وەکو قوتابییەکانیدی دەنگم لێ بەرزدەکردەوەو خۆم بەرەو پێشەوەو بەرەو دواوە دەجووڵاند .
زۆر شەو دەچووینە ئەودیو ، واتە ماڵی مامۆستا مەلا ئەوڕەحمان ، مامۆستا بانگی دەکردمە لای خۆیەوە ، داوایلێدەکردم دەور بکەمەوەو ئەوەی ئەو رۆژە فێریبووم بیخوێنمەوە ، منیش بە دەستووری بەیانیانی حوجرە دەستم پێدەکرد ، مامۆستا مەلا ئەوڕەحمان ناوە ناوە لەگەڵ ئافەرینکردنمدا پێدەکەنی و ئەوانیدیش لەگەڵ ئەودا پێمپێدەکەنین ، منیش ھەر لەسەر خوێندنەوە بەردەوام دەبووم ، دیاربوو خوێندنەوەکەم ھەڵەت و پەڵەتی زۆری تێدابوو بۆیە بەو جۆرە پێکەنین دەیگرتن .
ماوەیەکی زۆر لە حوجرە نەمامەوە . ئەو ماوەیە تەنھا وشەیەک یان دووان فێربووم ، حنجەکەیانم بەم جۆرە دەگوت و دەگوتەوە :” ئا سەر ئە ، لام زەنە ئەل ، حا سەر حا ئەلحە ، میم زەنە میم ئەلحەم ، دال بۆر دو ئەلحەمدو – الحمد ” .
ئەو ماوەیەی لە حوجرە مامەوە زۆر کەم بوو ، زۆرمنداڵیش بووم تەنانەت لەچاو ھاوەڵانی حوجرەشدا ، دوای چەند ساڵ ئینجا زانیم کە مامۆستا مەلا جەبار لەبەردڵی باوکم وەریگرتبووم . مەلا جەبار ناسیاومان بوو ، شەمەیی بوو ، خزمی ماڵی ئەوڕەحمانی شەمەیی دراوسێی ماڵی باپیرم ( باوکی دایکم ) بوو ، دەرگای ماڵی ئەوڕەحمانی شەمەیی بەرامبەر دەرگای ماڵی باپیرم بوو ، ئەو ماڵەی کە من تێیدا لەدایکبووم ، باجی لەیلێی ھاوسەری مام ئەوڕەحمانی شەمەییش تا تەمەنی چل رۆژیم شیری دابوومێ ، واتە دایکی شیریم بوو .
ئەو کاتە تەمەنی خوێندنم نەبوو ، ھیچیش لە حوجرە فێرنەبووم ، بۆیە ھێنامیانە دەرەوە تا رۆژێک مامم ( شێخ عەبدولڕەحمان ) بردمی بۆ قوتابخانەی زەھرای کچان . مامم بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی دەناسی ، بۆیە لەبەر خاتری مامم وەک گوێگر لە پۆلی یەکەم داینام . دوو کچی خاڵۆزای باوکم لەوێ قوتابی بوون ناویان : ( ئەختەر نیزامەدین و نەزیرە نەجمەدین ) باوکم و مامم ئەوانیان راسپارد ئاگایان لێم بێت.
لە قوتابخانەی زەھرادا تەنھا کوڕ بووم ، نە جانتاو نە کتێبم ھەبوو . دەھاتم و دەچووم ، لەگەڵ قوتابییەکاندا دەنگی پیتەکان و وشەکان و گۆرانی و سروودەکانم دەگوتەوە بێ ئەوەی بزانم چییەو تێیانبگەم ، لە پشووەکاندا یاریمدەکرد ، دادە ئەختەرو دادە نەزیرە ئاگادارمبوون ، پێداویستییەکم ھەبوایە بەوانم دەگوت .
ئەم خوێندنەشم زۆری نەخایاند . ھەندێک لە قوتابییەکان شەڕیان لەگەڵ دەکردم ، ئازاریان دەدام . ئەو کاتە نەمدەزانی بۆچی بەو شێوەیە ھەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکەن ، دوای ساڵانێکی زۆر ئینجا تێگەیشتم بوونم لە نێو قوتابخانەی کچاندا چەند کفرێکی گەورە بووە.
لە گۆڕەپانی قوتابخانەی زەھرادا حەوزێکی گەورەی تێدابوو . منداڵەکان لە دەوروبەری حەوزەکە یارییاندەکرد .منیش زۆرجار نزیک حەوزەکە دەبوومەوە . رۆژێکیان لە رۆخی حەوزەکە بە چیچکانەوە بووم ، دەستمدەشت یان یاریم بە ئاوەکە دەکرد ، لەپڕ پاڵێکم بۆناو حەوزەکە پێوەنرا ، ئاگام لە خۆم نەما ، کە چاومکردەوە بەدەست مامۆستایەک و یەکێک لە خزمەتگوزارەکانەوە بووم ، ئاوم لێدەچۆڕا ، ژمارەیەک لە قوتابییەکان لە دەورم گردبووبوونەوە ، منیش دەگریام ، دوای تۆزێک دادە ئەختەرو دادە نەزیرە ھاتن ، ھەر یەکەیان پەلێکیان گرتم و بە گری گری بردیانمەوە بۆ ماڵەوە ، ئیتر لەوەبەدوا نەیانناردمەوە بۆ قوتابخانە .
ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد ، ساڵی خوێندنی 1950 – 1951 بوو ، تەمەنەکەم ھێشتا بۆ قوتابخانە نەدەشیا ، ھێشتا ساڵێکم بۆ تەمەنی یاسایی وەرگرتن لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا مابوو ، باوکم و مامم خەمی خوێندنی منیان بوو ، باوکم بۆ یەکدوو قوتابخانەی نزیک لەماڵی خۆمانی بردم ، لەوانە قوتابخانەی خالیدییەو عەبدولئیلاە و سەرشەقام بەڵام ھیچیان وەریاننەگرتم .
مامم مامۆستای قوتابخانەی ئەییوبییەی کوڕان بوو . قوتابخانەکە لەگەڕەکی جوولەکان بوو ، لەبەرخانەقاوە دوور بوو ، بەڵام کە لەو قوتابخانانە وەرنەگیرام ، بڕیاریدا لەگەڵ خۆیدا بۆ قوتابخانەکەیانم بەرێت ، بۆیە بە مامۆستا ( عەزیز ساڵح ) بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەییوبییەی گوتبوو ، ئەویش سەرەتا داواکەی رەتکردبۆوە بە ھۆی ئەوەی تەمەنەکم شیاو نەبوو ، دواتر وەک گوێگر وەریگرتم ، واتە ناومی بە رەسمی تۆمارنەکردبوو ، بەڵکو ئەوەی بەستبووەوە بە مەرجی دەرچوونم لە تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ و سەری ساڵدا .
کاتێک دەوامی قوتابخانە دەستیپێکرد گواستبوومانەوە ماڵی حاجی عەبدوڵڵای قەرەداخی
لە کۆڵانی بەرامبەر دەرگای خانەقای مەولانا خالید . ماڵەکەمان لەماڵی ماممەوە زۆر نزیکبوو ، بەیانیان لەگەڵ ماممدا دەچووم بۆ قوتابخانە. مامم و مامۆستا عەزیز بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان عەرەبانەیەکی دوو ئەسپییان بەکرێ گرتبوو بەیانیان مامۆستا عەزیزو ( ھەڵگورد ) ی کوڕی ھەڵدەگرت ئینجا دەھات بەشوێن ئێمەداو پێی دەچووین بۆ قوتابخانە . ئەو ساڵە مامم عەرەبی و کوردی پێدەگوتینەوە ، رابەری پۆلەکەشمان بوو ، مامۆستا عوسمانیش بیرکاریی پێدەگوتین .
دوای پشووی نیوەی ساڵ بەماوەیەک ، قوتابخانەکەمان گواستییەوە بۆ بینای قوتابخانەی کانێسکان . کاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ قوتابخانەکەمان لەو بینایەدا بوو .
رۆژەکانی تاقیکردنەوەی ئەلفبێی کوردی و عەرەبی و حساب ( بیرکاری ) ، مامم و مامۆستا عوسمان سەعید پێکەوە تاقییاندەکردمەوە ، مامۆستا عەزیزیش دەھات ، سەرێکی دەداو دەڕۆیشت . ئەنجامەکەم باشبوو ، بۆیە وەک قوتابی پۆلی یەکەم لەو ساڵەدا تۆماریانکردم و شەھادەی دەرچوونیان لە پۆلی یەکەم بۆ کردم .
ساڵی دوایی 1951 – 1952 قوتابخانەی ئەییوبییە گەڕایەوە بیناکەی خۆی ، لەبەرئەوە گواستمیانەوە بۆ قوتابخانەی خالیدییە کە ھاتبووە نزیک ماڵمان لە خانوویەکی گەورەدا پێیاندەگوت ماڵی ( غەنی شاڵی ) . بەم جۆرە ، لە پۆلی دووەمی سەرەتایییەوە لە قوتابخانەی خالیدییە جێگیر بووم و تا دەرچوونم بۆ قۆناغی ناوەندیی ، خوێندم لەم قوتابخانەیەدا بوو .

لێدوانێک بنووسە