قەدەری خۆشەویستییەک

4 تشرینی یەکەم

قەدەری خۆشەویستییەک
فوئاد قەرەداغی

من تائێستا بە یاساکانی قەدەر
ئاشنا نیم
یارییەکانی قەدەر
رۆژانە تێدەپەڕن و
ھێشتا ئەز
دەستەمۆیان نیم
ئەوی رۆژەی
چرۆی خۆشەویستیت پشکووت
ویستم ئەڤینی تۆ
قەدەرم بێت
ئەڤینەکەم
قەدەرت بێت
ھەردووک نۆشی عەشقێک بکەین
تەنھا قەدەر پێیبزانێ و
شایەتحاڵی
دوا خاڵبەندیی
وشەو رستەو
پیتە بێکۆتاییەکانی بێت
****************
دەڵێن قەدەر
لە توێی خۆیدا
پەنھانێکان ھەڵدەگرێت و
ئیرادەی عیشق زەوتدەکات
دەڵێن قەدەر
لەم دەڤەرە باڵادەستەو
خەون و ھیوای
خۆشەویستی
لەناو دەبات
بە زیندوویی
تەرمی نامۆت
بەڕێدەکات
**************
خۆشەویستم
نەمانتوانی
قەدەر رامکەین
نەمانتوانی
ئیرادەی ئەڤینمان
زاڵکەین
نەمانتوانی
لەگەمەی قەدەری خۆمان
راکەین
*****************
خۆشەویستم
تۆ ئەی ژێیە نامۆکانی
دڵم ، ھەستم
لەمێژە قەدەر شاخێکە
سەرەڕێی شەماڵی عیشقی
گرتووین
مێژوویەکە بەیەک
نامۆی کردووین
گەشتی ئاسایی ژیانی
لێتاڵکردووین
ملکەچی واقیعی کردووین
*******************
خۆشەویستم
من لەو قەدەری خۆم
یاخیم
من لە داب و نەریت
یاخیم
لەو قەدەرەی سەپێنرابوو
یاخیم
بۆیە خەونی
قەدەری خۆم
بەردەوامەو
بۆ زامی عەشقی دێرینت
پەرۆشی تۆم
ئەیلوولی 2017

لێدوانێک بنووسە