پەراوێزێک بۆ کۆمێنتەکانی خاتو پرشنگ مەمەند

20 تشرینی یەکەم

پەراوێزێک بۆ کۆمێنتەکانی خاتو پرشنگ مەمەند
فوئاد قەرەداغی

ھاوڕێ ( ئەنوەر نوری ) وتارێکی بەناونیشانی ” ئایا کۆمەڵە یەکێتی بوو ؟ ” لە فەیسبوکدا بڵاوکردۆتەوە . ھاوڕێی دێرینی کۆمەڵە خاتو ( پرشنگ مەمەند ) چەند کۆمێنتێکی لەسەر نووسیوە ، لەنێوان نووسینەکەیدا دوو جار داوای لێکردووم ھەندێک لە زانیارییەکانی پشتڕاستبکەمەوە ، بۆیە بەم پەراوێزانە بەشداریی تاووتوێی کۆمێنتەکانی دەکەم .
سەرەتا راستییەک ھەیە دەبێت لەبەرچاوبگیرێت ، ئەوەش ئەگەری بیرچوونەوەی بەشێک لە زانیارییەکانە لای ھەموومان، وەک ھەڵسوڕاوانی سەروبەندی دامەزراندنی کۆمەڵە ، سەبارەت بەوەی نزیکەی نیوسەدە لەنێوان ئەو کاتەو ئێستادا ھەیەو ، ھیچ دۆکیۆمێنتێکی نوسراوی ئەو سەردەمەش لەبەر دەستماندا نییە . بۆیە ھاوکاریکردنمان گرنگیی خۆی ھەیە بۆ نووسینەوەیەکی راستگۆیانەی ئەو مێژووە .
بۆ ئەوەی تێبینی و سەرنجەکانیشم وردو دیاریکراوبن ، سەرەتا کۆمێنتەکانی ھاوڕی پرشنگ دەنووسم .
پرشنگ : ” کۆمەلە ھەرگیز یەکیەتی نەبوەو یەکیەتی دوای کۆمەلە دروست بوە و نە مام و نە کاک نەوشیروان ھیچیان لە دامەزراندنی کۆمەلەدا نە بوون کاک نەوشیروان زۆر دوای دروست بوونی کۆمەلە ھاتۆتەوە کوردستان لە ٦٧ ، ٦٨ دا دوا رۆژی کۆنفرانسی قوتابیان کاک نەوشیروان رۆشت بۆ خۆێندن بۆ نمساولە مانگی یانزەی ٧٦دا بوو وائەزانم ھاتەوە سالەکەی لای کاک فوئاد قەرەداخی یە ” .
فوئاد : کۆمەڵە سەرەتا یەکێتی نەبوو ، بەڵام دوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، بووە بەشێکی ئەکتیڤ و کاریگەر لەو رێکخستنە بەرەییەدا .
نەوشیروان مستەفا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵە نەبوو ، بەڵام مامجەلال ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرو یەکەم سکرتێری کۆمەڵە بوو .
نەوشیروان مستەفا کاتی دامەزراندنی کۆمەڵە ( ساڵی 1970 ) لێرە بوو ، دواتر بۆ خوێندن چوو بۆ نەمساو لە کۆتایی حەفتاکاندا وەک سکرتێری کۆمەڵەو فەرماندەیەکی پێشمەرگە گەڕایەوە .
پرشنگ : ” کاک عبدالرحمان ھەرگیز وەک بیر لە گەل کۆمەڵە نەبوو ….

کاک ئاوات رۆژیک چوو بە گژ کاک عبدالرحمان داو ووتی تۆ راست ناکەیت عیراقیت بۆ دێیت بۆ کۆبونەوەی ئێمە بە جاسوس و شت لە قەلەمیان دا ، خۆشی اعترافی کرد پۆ من.ئەوو عیراقیەکان زۆر ئەیان ویست کە ببمە عیراقی و دوایی ووتی ئاوات راستی کردوە من کۆمەڵە نەبووم بەلکو ویستومە تۆ بگۆرم واز لە کۆمەلە بێنیت ” .
فوئاد : لەم کۆمێنتەدا ھیچ بەروارێک دیارینەکراوە ، دوو ماوە تێکەڵکراون . یەکەمیان کاتی ململانێی ” عێراقی و کوردستانی ” نێو کۆمەڵەیە ، دووەمیان دوای دەرچوونی ” عێراق ” ییەکانە لە کۆمەڵە .
عەبدولڕەحمان قەرەداخی ، ھەڵسوڕاوێکی چالاکی کۆمەڵە بوو ، باوەڕی بە مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوەڕی ماوسیتۆنگ ھەبوو ، واتە ئایدیای ئەو ئایدیای کۆمەڵە بوو . دواتر کە ناکۆکی لەسەر رێکخستنی نەتەوەیی یان ئینتەرناسیۆنالیستی ( کوردستانی یان عێراقی ) دروستبوو ، عەبدولڕەحمان چەند مانگێک مشتومڕی لەگەڵ ھەردوو لایەنی ناکۆکییەکە دەکرد ، تا لە کۆتاییدا بەلای ” عێراقی ” دا ھات .
ئاوات ” کوردستانی ” بوو بۆیە عەبدولڕەحمان وەک ” عێراقی ” موناقەشەی دەکرد ، لەگەڵ ھاوڕێیانی ” عێراقی “شدا وەک ” کوردستانی ” موناقەشەی دەکرد . ئەوە شێوازێکی تایبەت بەخۆی بوو تا فیکری خۆی ساخبکاتەوە .
عەبدولڕەحمان کەسێکی پاکی راستگۆ بوو ، زمان و دڵی یەکبوون ، دڵنیام ھەر بەو شێوازە مشتومڕی لەگەڵ خاتو پرشنگ کردووە . دوای ئینتیماشی بۆ ھاوڕێ ” عێراقی ” یەکان ، بۆ یەکجاریش ھەوڵینەداوە ئەندامێکی کۆمەڵە بۆ ڕێکخستنی ئەو کاتەی ” عێراقی “یەکان رابکێشێت .
پرشنگ : ” کاک عبدالرحمان زۆر گۆێ رایەڵی فازیلی ملا محمود بوو ” .
فوئاد : دیسان لێرەدا بەرواری دیارینەکردووە . بەڵام بە مەزەندەی من چەند ساڵێک دواترە . ئەوکاتەیە کە ھەردووکیان پێکەوە لە رێکخستنی ” وحدة القاعدة ” ی ” قیادەی مەرکەزی ” کاریاندەکرد و لە مەفرەزەکەی قیادەدا بوون لە ناوچەی قەرەداغ ، پێش ئەوەی عەبدولڕەحمان بە مەفرەزەکەی ئارام – ەوە پەیوەست بێت .
بوونی دوو کەس لە رێکخستنێکی سیاسی و رێکخراوێکی عەسکەریدا ، بەتایبەتی یەکێکیان بەرپرسیارێتی زێتر بێت ، گوێڕایەلیی دەبێتە یەکێک لە میکانیزمەکانی پەیوەندی رێکخراوەیی . دڵنیام رەخنەگرتنیش میکانیزمێکی دیکەی پەیوەندی نێوان فازیل و عەبدولڕەحمان بووە .
عەبدولڕەحمان تێکۆشەرێکی رووناکبیرو ھوشیاربوو ، خاوەنی پرسیاربوو ، رەخنەگرێکی وردو وریابوو ، بۆیە “گوێڕایەڵی”یەکەشی ھوشیارانە بووە .
کاک عبدالرحمان قیادە بوو ، نە کۆمەلە و نە بەدل لە مەفرەزەکەدا بوە .. پرشنگ : ”
فازیل زۆر لە ژێر کاریگەری خزمێکی قیادەیا بوو برادەری ھەیە کە وا ئەزانێت فازیل ھەر قیادە بوە لە ئەوەل تا اخر . بەلام من یەقینم کە لە لایەن ئەوەوە عیراقی دروست بوو!! ”
فوئاد : راستە عەبدولڕەحمان کاتی پێکھێنانی مەفرەزەکەی قیادە لە رێکخستنی ” وحدة القاعدة “دا بوو ، ئەو کاتە دەمێک بوو کۆمەڵەی بەجێھێشتبوو ، دوا جاریش بەر لەوەی بۆ دەرەوە بڕوات وەک کەسێکی سەربەخۆ لە مەفرەزەکەی ئارام – دا بوو .
فازیل کەسێکی رۆشنبیرو ھوشیاربوو ، دوای جیابوونەوەی لە کۆمەڵە ، ئارەزوومەندانە قیادەی مەرکەزی بۆ درێژەدان بە خەبات ھەڵبژارد . ئەو ھاوڕێیانەی لەگەڵ ئەودا لە کۆمەڵە جیابوونەوە رێکخستنێکی ماویستی نوێیان دامەزراند ، فازیل لەو رێکخستنەدا نەبوو .
دەربارەی ئەوەی فازیل “عێراقی ” دروستکردبێت ، لایەنێکی راستیی تێدایە بەوەی سەرەتا ھێشتا لە کۆمەڵەدا ململانێی کوردستانی و عێراقی یەکلایەنی نەبووبووەوە ئەو کاری بۆ فیکری خۆی دەکردو دواتریش ھەر بەو ئاڕاستەیەدا وەک ئەندامێکی قیادەی مەرکەزی کاریدەکرد ، ھاوڕێکانیشی کە رێکخستنێکی ماویستی نوێیان پێکھێنا ، ھەر بە ئاڕاستەی “عێراقیبوونی رێکخستن “ەکەیان کاریاندەکرد .
خاتو پرشنگ لە درێژەی کۆمێنتەکەیدا دەڵێت : ” ئەوە بوو دوا بەدوای ئەویش ( مەبەستی مامجەلال-ە ) کاک نەوشیروان ھاتەوە ھاتنەوەی ھەردوکیان بوە ھۆی گیران و شەھید بوونی مامۆستا عزیز و ھاورێ ڤەھمی قەرەداخی لە بەر ئەوەی چو بۆ بەخێرھاتنەوەی ، ھەرچەند رۆژێک پێش ئەوەی بچێت بۆ لای کاک نەوشیروان ھات بۆ مالەوە بۆ لام ووتی کاک نەوشیروان گەراوەتەوە لە ھەندەران بەیانی ئەچم بۆ لای !! بەراستی من زۆرم پێ ناخۆش بوو بچێت وەک خوشکێکی خۆی ھەستامو دام بە سنگما ووتم نەچیت بەعس ئەت گرێت : لە وەلاما ووتی بەعس نازانێ ووتم لە ھەموو شۆێنێک جاسوسی ھەیە ووتی من ئەچم بۆ بناوەسووتە کەس نازانێ کە لەوێ یە بە داخەوە چوو لە گەرانەوەیدا بۆ سەر ئیشەکەی لە ھەولێر یەکەم رۆژی گەرانەوەی اختیال کراو شەھید بوو ” .
فوئاد : لە راستیدا ھاتنەوەی مامجەلال و نەوشیروان ھۆکاری شەھیدبوونی مامۆستا عەزیزو فەھمی قەرەداخی نەبوو . مامۆستا عەزیز لە ناو شاری سلێمانی دەستگیرکراو لە زیندانە بەدناوەکەی موصل لە سێدارە درا .
ھۆکاری دەستگیرکردن و شەھیدکردنی فەھمی قەرەداخی تا ئێستا نازانرێت چونکە لەو کاتەوە بێسەروشوێنەو کەس نەیبینیوەتەوە . بەڵام پێش کەمتر لە ساڵێک شوێنی کارەکەی بۆ ھەولێر گواستەوە ، ئەو کاتە پەیتا پەیتا ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی کۆمەڵە ھەبوو .
لە مانگی تەموزی 1980 دا ، لەھێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی بەعسدا بۆ سەربارەگاکانی پێشمەرگە لە ( تووژەڵە ) بورھان مستەفا (فەرھاد ) ئامۆزای فەھمی و ھاوسەرەکەی ، ھەروەھا پێشمەرگەیەکیدی بەردەکەون و شەھید دەبن .دوای تێپەڕبوونی زێتر لە مانگێک ھەلێک دەرەخسێت بۆ ھێنانەوەی تەرمەکەی . فەھمی و چەند کەسێکی نزیکی شەھید فەرھاد دەچن بۆ ” قەڵادزێ ” و لەوێوە بۆ ” تووژەڵە ” ، ئەو شەوە فەھمی لە میوانداریی نەوشیروان مستەفادا دەبێت تا تەرمەکەی ” فەرھاد ” لە گۆڕ دەردەھێننەوەو ئامادە دەکەن . دوای ئەوە نەوشیروان بەڕێیان دەکات و ، تا نزیک قەڵادزێ مەفرەزەیەکی پێشمەرگەیان لەگەڵدا دەنێرێت .
فەھمی لە 29 – 11 – 1980 دا لە فەرمانگەکەی خۆیدا ، لە ھەولێر دەستگیر دەکرێت ، واتە چەند مانگێک دوای ئەو چوونەی بۆ تووژەڵەو بینینی نەوشیروان ، ئیتر بەو ھۆیەوە دەستگیرکراوە یان نە ؟ تا ئێستا نازانرێت . کەواتە فەھمی ئیغتیال نەکراوە و نازانرێت لە زینداندا ئەشکەنجەدراوەو لەژێر ئەشکەنجەدا دەرنەچووە یان لە سێدارەدراوەو بێسەرو شوێنکراوە !
خاتو پرشنگ لە وەڵامی کۆمێنتێکی کاک جیھاد محەمەد کەریم – دا دەربارەی رێکخراوی ( وحدة القاعدة ) دەڵێت : ” زۆر سوپاس من رەنگە ئەمە دوەم جار بێت ناوی وەحدە القاعدەم بیستوە ” دواتر جەخت لەوە دەکاتەوەو دەڵێت : ” بروا بکە من ئەو ناوەم نەبیستوە تا پار لەگەل برادەریکا باسی ئەو بابەتانەمان کرد . ”
فوئاد : بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە خاتو پرشنگ ناوی (وحدة القاعدة ) ی نەبیستبێ ، یان باسێکی ئەو رێکخراوەی لە ئەدەبیاتی چەپی ئەم سیی بۆ چل ساڵەدا نەدیبێت ! بەتایبەتی ماڵەکەی ئەو بنکەیەکی سەرەکی چالاکییەکانی ( وحدة القاعدة ) بوو ، من بۆ خۆم دوو جار لەماڵی ئەواندا چاوم بە فازیلی مەڵا مەحمود کەوت ئەو کاتەی موختەفی بوو .
لە کۆتاییدا سوپاسی خاتو پرشنگ دەکەم کە ئەم دەرفەتەی رەخساند بۆ روونکردنەوەی گۆشەیەکی ئەو مێژووەی پەیوەندی بە کۆمەڵەوە ھەیە .
فوئاد قەرەداغی
تشرینی یەکەمی 2017

لێدوانێک بنووسە