بەشێک لەمێژووی سیاسی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە چەند کۆمێنتێکدا

25 تشرینی یەکەم

بەشێک لەمێژووی سیاسی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە چەند کۆمێنتێکدا

دوابەدوای ئەوەی پەراوێزێکم بۆ کۆمێنتێکی خاتو پرشنگ مەمەند نووسی ، بەڕێزیان بە وتارێک وەڵامی پەراوێزەکەی دامەوە . بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆرنووسینەکەی بخوێننەوەو بەشداری تاووتوێکردنی ئەو مێژووە بکەن ، وەڵامەکەیم لە لاپەڕەکەی خۆمدا لە فەیسبوک بڵاوکردەوە .
ئەمڕۆ ( 23 -10 – 2017 ) ھاوڕێ پرشنگ بەشی دووەمی وتارەکەی بڵاوکردەوە ، منیش دەمودەست لەلای خۆم بڵاومکردەوە . لێرەدا بە پێویستمزانی ئاڵوگۆڕی چەند کۆمێنتی نێوان من و ھاوڕێم سەردار ئەمین پەخش بکەم بۆ ئەوەی ھاوڕێیانم بیبینن بەرلەوەی وەڵامێکی گشتگیری وتارەکانی پرشنگ خان بدەمەوە ، ھیوادارم ئەگەر وتارەکانی بەشی سێیەمی ھەیە ، بەر لە وتارە گشتگیرەکەم بڵاوی بکاتەوە . ( فوئاد قەرەداغی 23 – 10 – 2017 )

Sardar Amin
لەبەر ئەوەی بەندەش ئاگاداری ئەو سەردەمەیە کە هاوڕێم کاک فوئاد لە وەڵامی چەند کۆمێنتێکی خاتو پرشنگ مەمەندا هەندێک ڕونکردنەوەی سەر داوە، بۆیە هەندێک ڕاستی هەیە کە کاک فوئاد لە بیری چۆتەوە من بە یارمەتی هەموو لایەک راستی دەکەمەوە، کاک (عەبدوڵرحمان قەرەداخی) لە ١٨ مناگی ئایاری ٧٧ دا ئەمری گرتنی لە لایەن ئەمنەوە بۆ دەرچوو خۆشبەختانە نەگیرا، ئەوکاتە هاوڕێم عەبدولڕەحمان بەرپرسی یەکەمی ئەو ڕێکخراوە بوو کە ناوی (ڕێکخراوی مارکسی لینینی شیوعییەکانی کورد) بوو، هاوڕێم کاک فوئاد پەیڕەو پرۆگرامەکەی بۆ ئامادەکرد، پرشنگ خان ئەندامی ئەو ڕێکخراوە بوو، منیش و کاک زاهیریش هەر لە و ڕێکخراوەدا بووین، کە ئەو هاوڕێیە ناچار بوو خۆی بشارێتەوە لە بەر دۆخی ئەو کاتەی شار کە بە هۆی ئیعتیرافەکانی ( برایم حەسەنەوە) خراپ شێوابوو وە ئێمەش ئیمکانیاتی شاردنەوەیمان نەبوو بۆیە چووە ناو مەفرەزەکەی قیادەی مەرکەزی لە ناوچەئ قەرەداخ. ئێمەو قیادە زۆر دۆستی یەکدی بووین و نزیک بووین لە یەکەوە، هاوڕێ عەبدولڕەحمانیش زۆر هاریکاری دەکردن وە هەموو ڕیکخراوەکەی ئێمەی خستبووە خزمەتی قیادەوە، وە فیعلەن زۆر موعجیب بوو بە فازیلی مەلا مەحموودەوە، بەر لەوەی ڕێکخراوەکەی خۆمان دروەست کەین هەوڵی زۆردا کە بە کۆمەڵ بچینە ناو قیادەوە بەڵام ئێمە ڕێگری بووین، بە تایبەتی بەندە، بۆیە کاک ئەوڕەحمان ئەو کاتە لە قیادەدا نەبوو، بەڵکو بەرپرسی ڕێکخراوێکی تر بوو، نزیکەی یەک مانگیش لە ناو مەفرەزەکەی قیادەدا بوو چونکە قیادە دوای نزیکەی سێ مانگێک مەفرەزەکەیان هەڵوەشاندەوەو ئەو هاوڕێیەی ئێمەش گەڕایەوە شار، وە لە ئاخرو ئوخری مانگی ٧ی هەمانساڵدا وەک میوان لە گەڵ کەمالی حەمەڕەشدا چووە لای کۆمەڵە و لای ئارام بوو. بەڵام دواتر ]لە بەهاری ٨٨ دا بووکە بەشێک لەو برادەرانەی ئێمە کە عەبدولڕەحمان یەکێک بوو لێیان چوونە ناو قیادەوە بە بێ ئەوەی ئاگاداری بەشێکمان بکەن ..

Fuad Qeredaxi
ھاوڕێی ئازیزم کاک سەردار سوپاس بۆ زانیارییەکانت ، ھەروەھا بۆ بەبیرھێنانەوەی بەشێکی ئەو مێژووە .نووسینەکەی من بە تەحدید دەربارەی کۆمێنتەکانی پرشنگ خانە ، تەنھا یادەوەرییە نەک نووسینەوەی مێژوو ، یادوەرییەکانیش ئەوانەیە کە ئاگاداری بووم . ئەو بەسەرھاتانەی بەڕێزتان باسی دەکەن ئەو کاتە بوو کە من لە بەغدا بووم ، ئەو کاتە من پەیوەندیم بە ئێوەوە نەمابوو .دیارە ئاگاداریت لە ئایاری 1972 دا کۆبوونەوەیەکمان کرد ناوی کۆنفرانسمان لێنا ، رێکخراوێکمان دامەزراند بە ناوی ( رێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییەکانی عێراق ) و ھاوڕێیان شەرەفی سکرتێری رێکخراوەکەیان بەمن سپارد . بەڵام ئەم رێکخراوە بەبنبەست گەیشت و ساڵی 1974 بە رەزامەندی زۆربەی ھاوڕێیان حەلمانکردو ھەر ھاوڕێیە لە ھەڵوێستی سیاسی ئایندەی سەرپشک کرا . من دوای حەلکردنی رێکخراوەکە دانیشتم و وازم لە کاری حیزبی ھێنا ، بەڵام ھاوڕێیانیدی بەبێ ئاگادارکردنم رێکخراوێکیدییان پێکھێنا ناوی عێراقەکەی رێکخراوی پێشوویان کرد بە ( کورد ) . پەیڕەووپرۆگرامی رێکخراوە عێراقییەکە من نووسیومە ئاگام لەوەیان نییە کە تۆ باسی دەکەیت ئیتر نازانم ھەمان پەیڕەوو پڕۆگرام بەکار ھاتبێت و وشەی عێراق تیادا کرابێت بە ( کورد ) وەک ناوی رێکخراوەکە .جارێکیدی سوپاستان دەکەم و ھیوادارم موتابەعەی نووسینەکانم لەسەر کۆمەڵە بکەیت چونکە وەک لەسەرەتای ئەم وتارەدا نووسیومە زۆر رووداو ھەیە دوای نیو سەدە قابیلی لەبیرچوونەوەن ھەر بژین .

دەربارەی رێکخراوی مارکسی لێنینییەکانی عێراق و کوردSardar Amin
هاوڕێم کاک فوئاد تۆ بۆخۆت باش دەزانیت کە من هەر لەسەرەتای ئەو دروستبوونی ئەو ناکۆکییەی ناو کۆمەڵە تیادابووم، وە ئاگاداری ڕوداوەکانی ئەو سەردەمە بووم بەڵام لە زۆر بە کەمی قسەم لەسەر کردووە، وە ئەگەر بە بیرت بێت کە من لە مێژە داوا لە تۆ دەکەم کە شتێک لە سەر کۆمەڵەو خۆمان بنوسیت بۆ ئەوەی وەک مێژووییەک بنوسرێتەوە، بەڵام کە ئیستاش ئەم بەشدارییەم کرد هەر بۆ ساخکردنەوەی ئەو مێژووەیەو بەس. لێرەشدا هەر لەم سونگەیەوە بەیارمەتی هەمووتان دەبێت هەندێک ڕونکردنەوەی تر بەدەم. هاوڕێ فوئاد ڕێکخراوی مارکسی لینینی شیوعییەکانی عێراق لە هاوینی ساڵی ١٩٧٣ دا هەڵوەشایەوە نەک ٧٤. دوای هەڵوەشاندنەی ڕێکخراوەکە ئەوەبوو بەشێک لەو برادەرانە پێکەوە ماینەوە وە چەند برادەرێکی تریشمان پەیدا کردوو بەردەوام کە لێردا جێگەی ئەوە نییە ناوییان بهێنم، باش لە بیرمە کە لە پایزی ساڵی ٧٦ دا تۆ لە نزیک کەرکوک توشی حادیسەیەکی ئوتومبیل بویت و ئازاری زۆر بە جەستەت گەیشتبوو وەماوەیەک لە ماڵی باوکت لە سلێمانی مایتەوە تا چاک بویتەوە، لەم حادیسەیەدا هاوڕێ عەبدولڕەعمان زۆر بەدەمتەوە بوو، هەر لەو دەمەدا بوو کە( ڕێکخراوی مارکسی لینینی شیوعییەکانی کورد) مان دامەزراند، هیچ کونفرانس و کۆبوونەوەمان بۆ نەکەرد چونکە پەیوەندی ئێمە هەر وەک سەردەمی ڕێکخراوی یەکەم بوو . ئێمە هەر وەک ئەوەی ڕێکخراوی یەکەممان مابێت بەو شێوەیە لە پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی و هاوڕێیەتیدا بوین، هەر بۆیەش هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکەم نەکرا، بیرمە کاک عەبدوڵڕەحمان رۆژێکیان ووتی ئەوە ریکخراوەکەمان دروستکردەوە، وە پەیڕەوو پرۆگرامەکەشی ئەمەیەو کاک فۆئاد نوسیوێتی، بەڵام لە بەر ئەوەی کاک فۆئاد لە چەند ڕۆژێکی تردا دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد، ئەو پێی باشە کە تەنها لە ڕێگەی ئەوەوە پەیوەندی پێمانەوە هەبێت وە وەعدی داوە هەموو هاوکارییەکمان بکات لە ڕوی نوسینەوە. جا ئەگەر ئەمە وەک تۆ دەیڵێت وا نەبێت ئەوە بۆ خۆی پرسیارە؟ و ساغیش نابێتەوە چونکە کاک عەبدولڕەحمان لە دونیادا نەماوە. بەڵام ئەبێ ئەوە بڵێم کە دەستورەکە تەنها وەک تۆ ووتووتە هەر وەک دەستوری ڕێکخراوی یەکەم بوو، بەڵام هەموو ئەو وەسیقانەی کە پەیوەندی بە ڕێکخراوی (مارکسی لینینی شیوعییەکانی عێراقەوە) هە بوو لە گەڵ ئەو نامانەی مام جەلالدا، ماوەیەک لای من بوون بەڵام دواتر کەمن لە مانگی ٩ ساڵی ٧٣ دا تەعین بووم و چوم بۆ ناوچەی پشدەر هەموو ئەو شتانەم ڕادەستی کاک عەبدولڕەحمان کردوو، ئەویش دابووی بە باوکی کە ماڵی لە شارۆچکەی قەرەداخ بوو، بەڵام هەزار خەسار کە شەڕ بوویەوە لە ٧٤ دا جاشی بادینانی شتەکان لە ماڵی حاجی مەلا سەدیقی باوکی کاک عەبدولرحمان دەدۆزنەوە، بەڵام خۆشبەختانە خوێندەوارییان نابێت و مەلا سەدیقیش لییان دەپاڕێتەوە کە ئەوشتانە سەنەدی مڵک و ماڵ و قەزوقۆڵەیە بۆیە دەیدەنەوە دەستی.، ئەویش هەر یەکسەر دوای ئەوەی جاشەکان ماڵەکە بەجێ دەهێڵن هەمووی لە تونی حەمامەکەیاندا دەسوتێنێت. هاوڕێم کاک فوئاد من هەتا ئیستا بە شاهێدی زۆر کەس زاکیرەم زۆر باشە. خۆشەویستیم قەبووڵ بکەن.

Fuad Qeredaxi
ھاوڕێ سەرداری ئازیز من زۆر سوپاست دەکەم ، بەم کۆمێنتەی دواییت چەند شتێکیت بەبیر ھێنامەوە .من دڵنیام زاکیرەت باشە ، منیش ھێشتا زاکیرەم لەدەستنەداوە .من جەختدەکەمەوە کە ئەندامی ( رێکخراوی مارکسی لێنینی کورد ) نەبووم ، کەسیش ئەو کاتە لەلای من باسی نەکرد ، نازانم بۆ؟ رەنگەھاوڕێیانیدی بتوانن یارمەتیمان بۆ ساخکردنەوەی ئەمە بدەن . من لەگەڵ تەواوی کۆمێنتەکەتدام تەنھا بەرواری حەلکردنی رێکخراوەکە نەبێت کە من پیموایە ساڵی 1974 بوو پێش دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کوردستاندا ، ئەگەر کەسی سێیەم نەبوو ئەمە راستبکاتەوە ئەوە من ئەوەی تۆ قبووڵ دەکەم کە ساڵی 1973 بووە . . ئەو کاتەشی لە جێدا کەوتبووم حادیسەی سەیارەم بەسەردا ھاتبوو ، خوێن لە ھەردوو لاقمدا خەست بوو بووەوە دکتۆر عیلاجی تەبیعی بۆ دانابووم رۆژی سێ جار کەسمان دەستنەکەوت بتوانێت رۆژی سێ جار بێت بۆیە عەبدولڕەحمان بەیانیان کە دەچوو بۆ دەوام دەھات ، نیوەڕوان کەلە دەوام دەگەڕایەوە دەھات ، شەوانیش جارێکیدی دەھات و عیلاج تەبیعی بۆ دەکردم .واتە ئەو پەیوەندی و ھاتوچۆیە ھاوسۆزیی بیروباوەڕمانی تێدابوو ،بەبێ ئەوەی پەیوەندی حیزبی لە نێوانماندا ھەبێت . بۆ دامەزراندنی رێکخراوی یەکەمیان ( رێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییەکانی عێراق ) کۆبوونەوەیەکی فراوانمان کرد ، ناومانلێنا ( کۆنفرانس ) بەرنامەو پێڕەومان تیادا موناقەشەکرد ، کۆمیتەی سەرکردایەتیشمان بە کۆی دەنگ بڕیاردا . ئەم کۆنفرانسە تۆی تێدا نەبووی ، بانگنەکرابووی ، ئەگەرچی ھاوڕێمان بوویت و ئاگات لەکارکردنمان ھەبوو ، لەسەر بانگنەکردنت مشتومرێک دروستبوو ، سەرەنجام منیان راسپارد پێش دوا دانیشتن تۆ ببینم و ئەوەی لە کۆنفرانسدا کراوە بۆتی باسبکەم ، ئەوەبوو دووەم رۆژی کۆنفرانسەکە 2 – 5 – 1972 تۆم بینی و ھەڵوێستێکی ئیجابیت نواندو لەسەر ئەوەی کردوومانە لە کۆنفرانسدا رازی بوویت و دوای ئەو رۆژە ئیتر ھەموومان دەست بەکاربووین .ئەو ئەوراقانەی لەلای عەبدولڕەحمان بوو ھی مامجەلال نەبوو ، ھی رێکخستنەکەی خۆمان بوو لەگەڵ چەند نامیلکەیەکی دەستنووس . ئەو نامیلکانە من بۆ رێکخستنم نووسیبوو ، ئەوەی لەیادمدا مابێت ئەمانە بوون ( 1 – چۆن حزبێکمان دەوێ ؟ 2 – بۆچی لە کۆمەڵە جیابووینەوە 3 -کاری جەماوەری لە لادێکان و گەڕەکەھەژارەکانی شاردا 4 – دەربارەی خۆماڵیکردنی نەوت ، 5 – چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی لەبەرتیشکی بیروباوەڕی ماوسیتۆنگ 6 – ھەوڵی کودەتاکەی لین بیاو لەچین و.. یەک دوو نووسیندیکە بوون ئێستا بیرم ناکەوێتەوە .

Sardar Amin

هاوڕێ فوئاد ١. ڕێکخراوی (م ل ش ع) ساڵێک و یەک دوو مانگ تەمەنی بوو دواتر بەهۆی چەند بیانویەکەوە کە ئێرە شوێنی باسکردنی نییە هەڵوەشایەوە، شەڕ لە مانگی سێی ٧٤هەڵگیرسایەوە. ٢. قسەی تۆیە من بەشداری کونفراسی دامەزاندنیم نەکرد بەو هۆکارەی کە من جگە لە هاوڕێ عەبدولڕەحمان کەسی ترم نەدەناسی لەو هاوڕێیانەش منیان نەدەناسی، ئەوەشم باش لە بیرە کە تۆ منت لە ماڵی هاوڕێ عەبدولڕەحمان بینی.٣. ئەو شتانەش کە زیتر لە ٦ مانگ لای من بوون بە هیچ شێوەیەک تەماشام نەکردبوون، چونکە نە ئەبوو تەماشایان کەم بەڵام کاک عەدولڕەعمان باسی لەوە کرد کە یەک دوو نامە لە نێوان ئێوەو مام جەلالدا ئاڵ و گۆڕ کرابوو کە لە ناو ئەو شتانەدابووە، ئەمە قسەی کاک عەبدولڕحمان بوو.٤. دەربارەی پەیوەندی تۆ بە ڕێکخراوی دووهەمەوە(م ل ش ك) من هەر پشت بە قسەی کاک عەبدوڵڕەحمان دەبەستم کە ئەوی ڕاستی بێت شتی زیاتریشە کە ئیرە جێگەی نییە بیڵێم، سەرچاوەی زانیارییەکانی من ئەوەو ئەویش نەماوە.

Fuad Qeredaxi
ھاوڕێ سەردار من موتمانەم بە خۆت وەک شەخس ھەیە دڵنیاشم کە زاکیرەت باشە ، بۆیە وەھا بۆی دەچم کە عەبدولڕەحمان ویستبێتی ھەمو شتێک نەڵێت وەک پاراستنی نھێنی ، رەنگە وا بیری کردبێتەوە .بەھەر حاڵ ئەو لەژیاندا نەماوە ئیتر باوەڕکردن بە قسەکانی من بۆ تۆ دەکەوێتە سەر موتمانەو ھەڵسەنگاندنی من بە درێژایی چل ساڵ زێتر .لەڕاستیدا زۆر سوودم لە کۆمێنتەکانت وەرگرت و لەداھاتووشدا بۆ خزمەت بە نووسینەوەی ئەو مێژووە ھەرچییەکمان بیرکەوتەوە یەکتری لێ بێبەش ناکەین . ھەر بژین .

Sardar Amin
هاوڕێ فوئاد منیش موتمانەم بە تۆ هەیە، بریا لە کاتیخۆیدا ئەو مێژووە بنوسرایەتەوە. شەوێكی شاد.

Sardar Amin
بە یارمەتی ئێوە تەنها بۆ مێژوو لە سەر (ئارام)! ئارام لەسەر قسەی کاک ئاوات قرەمانی دوو جار هاتووتە ناوچەی قەرداغ لە کاتی چوونەدەرەوەکەیدا تا شەهید بوونی، جاری یەکەم لە سەرتای ساڵی ١٩٧٧دا پاش ماوەیەک جەولەکردن و دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی شارباأێڕ، جاری دووهەم لە نیوەی دوومەی هەمانساڵداو ئیتر هەر لە قەرەداغ دەبێت تا شەهید دەکرێت. لە جاری یەکەمیاندا لە گەڵ مەفرەزەیەکدا هاتنە گوندی سیوسێنان، ئەو دەم منیش لەوێ مامۆستا بووم و ئەندامی (ڕێکخراوی مارکسی لینینی شویعییەکانی کورد) بووم لە هەمانکاتدا مامۆستایەکی تریش بە ناوی (عومەر مەلا عەزیز) کە ئیستا لە سوید دەژی ئەندامی هەمان ڕێکخراو بوو، ئێمە بڕوامان بە عێراقێتی خەباتی کۆمەنیستی هە بوو وە خەباتیشمان دەکرد وەک دەستەیەک یان گروثێک بۆ دروستکردنەوەی پارتی کۆمەنیستی عێراقی، مەسەلەی عێراقی بوون و کوردستانی بوون بابەتێکی گەرمی گفتوگۆی نێوان ئێمەو (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانی) بوو، بۆیە هەر کە زانیمان (ئارام) لە ناو ئەو پۆلە پێشمەرگەدایە، دراوسێیەکمان هە بوو بە ناوی ( کاک شێخ باهیر)ەوە داوام ڵیکرد کە بچێت بۆ لای پێشمەرگەکان کە لە دەوری سەرئاو مزگەوتەکە بوون و پرسیاری (ئارام) بکات و داوای لێبکات بۆ نانی ئیوارە بچێت بۆ ماڵی ئەوان بۆ نان خواردن، ئەویش قەبوڵی کردبوو، کە ئێوارە داهات ئێمەش چووین بۆ ماڵی کاک (شێخ باهیر)، ئارام تەنها نەبوو بەڵکو ( سیروان تاڵەبانیشی )لە گەڵدا بوو، قسەوباسمان دەست پێکردوو گەیشتینە سەر ناکۆکی نیوان ئەو دوو تەوژمە( کوردستانی و عێراقی) زۆرمان قسە کرد، ئەدیلەو بیانووەکانی ئێمە زۆر بە هێزتر بوو لەوەی ئەوان، لە کۆتایدا ( ئارام ) ئەمەی ووت منیش بە ئامانەتی مێژوییەوە وەک خۆی دەینوسمەوە وە هاوڕێ (عومەر)یش شاهێد حاڵە ومنیش وەک ئامانەتێکی مێژوی وەک خۆی دەینوسمەوە، ووتی هاوڕێیان” منیش وەک ئێوە بڕوام بە بەوەیە کە دەبێت عێراقی بێت، بەڵام تازە ئێمە داومانەتە شاخ و خەباتی چەکداریمان دەست داوەتێ کار لە کار ترازاوە، نکرێ بچێنەوە شارو دانیشین چاوەڕێ کەین تا ئەو حیزبە عێراقییە دروست دەبێت، بەڵام وەعدبێت کەی ڕێکخراوێکی مارکسی لە خواروی عێراق دروست بوو ئێمە هیچ کێشەیەکمان نابێت و لە گەڵیانا یەک دەگرین”. لە کاتی خۆیدا ئەم حیکایەتەم بۆ هاوڕێکانی ترم گێڕایەوە. هەر بژین.

لێدوانێک بنووسە