مێژووی سەد ساڵی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن …سەرکەوتن و شکستھێنان

2 تشرینی دووهەم

مێژووی سەد ساڵی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن …
سەرکەوتن و شکستھێنان
فوئاد قەرەداغی
کرێکاران و رەنجدەران و گەلانی ستەمدیدەی جیھان ، لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ( 2017 ) یادی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن دەکەنەوە . لەم یادەدا دەرس و پەندی سەرکەوتنەکان و شکستەکان لەبەرچاو دەگرن و ، سەرلەنوێ بە رێگای شۆڕشی سۆسیالیستیدا ، بەرەو جیھانی بێ چین و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ، کوورەی خەباتیان جۆش دەدەنەوە .
یەکێک لە پرنسیپە بنەڕەتییەکانی خەباتی چینایەتی و سەرکەوتنی شۆڕش ، پرسی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسییە . چینە چەوساوەکان بەبێ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی کاریگەرێتییان نابێت و ناتوانن بەرنامەی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بەدیبھێنن .
شۆڕشی ئۆکتۆبەر توانی بەشێوازی شۆڕشگێڕانەی راپەڕینی چەکدارانە ، ئەم پرنسیپە پەیڕەو بکات و ، شۆڕشگێڕانە بەرەو کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی ھەنگاوی گەورە ھەڵبنێت .
شۆڕشی ئۆکتۆبەر ، شۆڕشی کۆمەڵایەتیی پڕۆلیتاریا بوو بۆ ڕاماڵینی چینە چەوسێنەرەکان ودامەزراندنی دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریا .
شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە رابەرایەتی لێنین رێبازێکی شۆڕشگێڕانەی خەباتی چینایەتی داڕشت . کۆمەڵێک پرنسیپی شؤڕشگێڕانەی بۆ حزب ودەوڵەتی سۆڤیەتی دانا ، شوناسی چینایەتی بۆ ( توندوتیژیی ، جەنگ ، دەوڵەت ، دیموکراسی ، ئازادی ، پەڕلەمانتاریزم ) کردە پێوەری ھەڵوێستی کۆمۆنیستی .
شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە ھاوپەیمانیی جووتیاران و گەلانی ستەمدیدەی روسیاو ، لەژێر سەرکردایەتی حزبی پێشڕەوی شۆڕشگێڕی کرێکاران و رابەریی لێنینی مەزندا ،دڕەندەترین ھێرشی لەشکری سپی و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ئەو سەردەمەی ئەوروپاو ئەمریکای تێکشکاندو ، سەرباری برسێتی و نەھامەتییەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم و جەنگی دژە شۆڕشی ناوخۆ ، سەربەرزانە دەرچوو .
شۆڕشی ئۆکتۆبەر ، سەرباری نەبوونی ئەزموونی بنیاتنانی سۆسیالیزم ، بەپشتبەستن بە تواناکانی خۆی و پاڵپشتیی چینی کرێکاران و گەلانی ستەمدیدەی جیھان ، شانیدایە بەر پرۆژەکانی گەشەکردنی ئابووری و داڕشتنی ژێرخانێکی پتەوو جێگیر .
دەوڵەتی سۆڤیەت سەرەنجامی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تۆکمەی پیشەسازی و کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی ، لەڕێی بەرنامەڕێژیی پلانە پێنج ساڵییەکانەوە ، توانی لە وڵاتێکی ئێجگار دواکەوتووەوە ببێتە وڵاتێکی پێشکوتووی ئابووری .
دەوڵەتی سۆڤیەت لەسایەی سیستمی سۆسیالیستیدا پرسەکانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلانی روسیاو پرسی ئازادی و یەکسانی ھەمەلایەنەی ژنانی چارەسەرکرد ، ھەروەھا ژیانێکی مرۆییانە بۆ منداڵان و ھەموو چین و توێژە نەدارەکانی کۆمەڵگە دابینکرد . تەواوی تواناییە ئابوورییەکانی ، لەبری ئاڕاستەکردنی بۆ بەدەستھێنانی قازانج ،خستە خزمەتی کرێکاران و جووتیاران و خەڵکی زەحمەتکێشەوە ، بێکاری نەھێشت و پرنسیپی ” ھەرکەس بەپێی توانای خۆی و ، ھەر کەس بەپێی کارەکەی ” بە کردەوە گشتیکردەوە .
دەوڵەتی سۆڤیەت ، سەرەنجامی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ، سەرەنجامی سیاسەتی پشتگیریی خەباتی چینی کرێکارو گەلانی ژێردەستە لە سەرانسەری جیھاندا ، توانی وەک ھێزێکی سەربازیی کاریگەر لەبەردەم ھێرشی نازییەکاندا راوەستێت و، داستانی قارەمانانە دژی ھێرشی دڕندانەی فاشیزم تۆماربکات و ، رۆڵی سەرەکی ھەبێت لە خەباتی گەلانی جیھان و سەرکەوتنیان لە جەنگی دووەمی جیھانیدا و ، ببێتە ھۆکارێک بۆ رزگاربوونی کۆمەڵێک لە گەلانی ئەوروپاو ، یارمەتیدانیان بۆ بنیاتنانی ژیانی نوێ لەژێر سایەی سۆسیالیزمدا .
دەوڵەتی سۆڤیەت لە نیوەی سەدەی بیستەمدا بەجۆرێک گەشەی ئابووری و تەکنۆلۆژیی کرد ، توانی یەکم وڵات بێت مرۆڤ بۆ فەزا بنێرێت و ئەزموونی فەزاناسیی دەستپێبکات ، بۆیە ئەو سەرکەوتنەی لەو بوارەدا بەدەستیھێنا ، بووە بەڵگەیەکی بەرچاوی سەرکەوتنی سیستمی سۆسیالیستی و بۆڕدانی سیستمی سەرمایەداریی .
سەرجەمی ئەم دەستکەوتانە ، ئەو راستییە دەخەنەڕوو کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر خاڵی وەرچەخانێکی گەورەیە لە مێژووی مرۆڤداو ، تەواوکەری ئامانجەکانی شۆڕشی کۆمۆنەی پاریسە لە سەدەی نۆزدەیەمدا .
شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبەر بەرنامەی خەباتی حزبی کۆمۆنیستی ( بەلشەفی ) ھێنایەدی ، گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ھەموو کایەکانی ژیانی گەلانی یەکێتی سۆڤیەتدا کرد ، سەرمایەداران و چینی کۆلاک ( موڵکدارە گەورەکان )ی ، لە بەرژەوەندی کرێکاران و جووتیارانی ھەژارو کرێکارانی کشتوکال ، لە دەسەڵات خست . کارگەکان و بانکەکان و زەوی خۆماڵیی کرد ، خاوەندارێتی تایبەتی ھەڵوەشاندەوە و، بواری گەشەکردنێکی بێوێنەی لەمێژووی روسیادا رەخساند .
ھەموو ئەم دەستکەوتانە ، ئەگەرچی بەھۆی جەنگی ناوخۆی سەرەتای شۆڕش و جەنگی دووەمی جیھانی و پیلانگێڕیی دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکانەوە کۆسپی زۆریان بۆ دروستکرا ، بەڵام تا ناوەڕاستی سەدەکە بەردەوام و لە ھەڵکشاندا بوو .
ئەم ھەنگاوانە و سەرکەوتنی خێرای سۆسیالیزم لە ئاستێکی جیھانیدا ، خەمساردی لە ململانێی چینایەتیدا لێکەوتەوە . سۆسیالیزم وەک کۆمەڵگایەکی بێ ململانێی چینایەتی وێناکرا ، چینێکی بێرۆکراتی خاوەن دەسەڵات سەریھەڵدا ، ئەو چینەی لێنین پێشبینی کردبوو کە بەرئەنجامی بەرھەمھێنانی پچووک سەرھەڵدەدات و دەبێتە بنەمای زیندووبوونەوەی سەرمایەداری و دواتر ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات وھەڵوەشاندنەوەی سۆسیالیزم .
ھەڵبەت ئەم رەوتە بۆرژوازییە ، جگە لەوەی پشتی بە بنەمای تیۆریی نەبوونی چینەکان و خەباتی چینایەتی لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستیدا دەبەست ، لە پڕاکتیکی سیاسی و ئابووریی سەردەمی ستالیندا جێوڕێیەکی ھەبوو ، لەڕێی دەسگا بێرۆکراتییەکانەوە پاڵپشتی دەکرا ، تا لەنێوەی دەیەی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا ، بە شاراوەیی نەمایەوەو ، بووە سیاسەتی پەیڕەوکراوی حزب و دەوڵەتی سۆڤیەت . ئیتر لێرەوە شکستە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەزموونی سۆسیالیزم و دوورکەوتنەوەو بەلاوەنانی پرنسیپەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەستیپێکردو ، پاشەکشەو شکستەکان ، بەرودوا رووی لە ئەزموونی سۆسیالیستی کرد تا بە بەرنامەی ( پرۆسترۆیکا ) و ( گلاسنۆست )ی گۆرباچۆڤ ته‌پڵی نابووتییان بۆلێداو ، دواتریش بە کودەتای بۆرژوازیی دەسەڵاتدار ، هه‌ره‌سهێنان و مەرگی به‌ڕه‌سمی راگه‌یه‌ندرا .
لە سەردەمی ھەرەسی شۆرەوییەوە تا ئەمڕۆ ، لێکدانەوەی جیاجیا بۆ ئەزموونی سۆسیالیستی کراوە .رەوتە فیکری و سیاسییە جیاجیاکان بەر لێکۆڵینەوەیان داوە . راستڕەوە کلاسیکییەکان لە پێگەی ئەنتی کۆمۆنیزمەوە شیکاری ئەزموونەکەیان کردووە . ناسیۆنالیستەکان ، ئایینگەراکان ، وردەبۆرژوایی ناڕازیی بێ ئاسۆو نائومێد ، تیۆریسینی سەر بە سیستمی سەرمایە ، سۆسیۆلۆژیستە بۆرژواکان ، ئابووریناسانی سەرمایەداریی ، کەم و زۆر قەڵەمی نەشتەرگەرییانەیان لەو ئەزموونە داوەو ، بەپێی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان شەنوکەویان کردووە . چەپەکانیش ، بەجیاوازی شوێنی چینایەتی و رێبازو ھەڵوێستی ئایدیۆلۆژی و سیاسییانەوە ، دەستیان بۆ ئەو ئەزموونە بردووە ، مارکسییەکان ، مارکسییە لێنینییەکان ، ترۆتسکییەکان ، ستالینییەکان ، ماوییەکان ، حیکمەتییەکان ، خرۆچێڤییەکان … ھتد ، ھەریەکەیان پشکێکی لە تاووتوێکردنی ئەو ئەزموونەدا ھەیە و ھەڵوێستیان لێوەرگرتووە . ھەڵوێستەکان : بەرگریکردن ، رەتکردنەوەو ئیدانەکردن ، تا دەرس و پەندلێوەرگرتن بۆ خەباتی سۆسیالیستیی ئایندەی تێدایە . بۆیە لە توێی ئەم ھەوڵەی رەوتە کۆمۆنیستییەکاندا ، کۆمەڵێک ھۆکار دەستنیشانکراون، ھۆکارەکانیش چەند دیاردەیان دەرخستووە و ، سیمای نزیکەی نیو سەدەی بەدواداھاتنی سۆسیالیزمیان دیاریکردووە .
کەرتبوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیھانی سیمای ھەرە دیاری مێژووی دەیان ساڵی پێش ھەرەسە . سۆسیالیزمی مەوجود گۆڕانکاریی بەسەر ستڕاتیژی کارکردن و ئامانجەکانیدا ھات . پرسی یەکەمی خەباتی چینایەتی ، پرسی وەرگرتنی دەسەڵات کاڵبوونەوەی بەخۆیەوە بینی ، شۆڕشی کۆمەڵایەتی کریکاران لە بەرنامەی ھاوپشتی بۆ بزووتنەوەی کرێکاران ھەڵگیراو ، ستراتیژی خەباتی پەڕلەمانی لەجێی دانرا ، واتە ستڕاتیژی شۆڕش بووە ستڕاتیژیی کاری نێو پەڕلەمانی بۆرژواو دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پەیڕەوکردنی تێکۆشانی ئاشتیانە و کێبڕکێی حزبی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات . بنەمای تیۆریی ” گەشەکردنی ناسەرمایەداری ” بۆ ئەم ستڕاتیژە بۆرژوایانەیە داڕێژراو ، لە وڵاتانی جیھانی سێیەمدا ، بەسەر بزووتنەوەکەدا سەپێندرا .
ئەو گۆڕانکارییانەی بەرەو سەرمایەداریی لە ژێرخانی ئابووری سۆڤیەتدا روویاندا ، کاریگەریی لەسەر تەواوی سەرخانی کۆمەڵایەتی داناو ، سیستمی دەوڵەتیان لە سیستمێکی پرۆلیتارییەوە بۆ سیستمێکی بۆرژوایی گۆڕی ، ئابووریی دەوڵەتی سۆسیالیستی کرێکاران بووە ئابووریی سەرمایەداریی دەوڵەتی . ھەروەھا حزبی کۆمۆنیستیان لە حزبێکی پڕۆلیتارییەوە بۆ حزبێکی بۆرژوایی گۆڕی ، بۆیە ئەوەی لە سۆڤیەتی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا روویدا ، ھەرەسی سۆسیالیزمی بۆرژوایی بوو ، ھەرەسی سەرمایەداریی دەوڵەتی بوو ، ھەرەسی حزبی ” کۆمۆنیستی بۆرژوایی ” بوو .
ئەم گەڕانەوەیە بۆ دواوە ، لە ئەدەبیاتی دەوڵەت و حزبی شۆرەویدا بە تێزەکانی ” دەوڵەتی گەل ” و ” حزبی گەل ” پەردەپۆش دەکران . بەپێچەوانەی تێزە مارکسییەکانی : ( شۆڕشی پڕۆلیتاریا ، دەوڵەتی پڕۆلیتاریا و حزبی سەربەخۆی پرۆلیتاریا ) .
دەوڵەتی سۆڤیەت کۆمەڵێک سیاسەتیدیکەی بە ئاڕاستەی پەلھاویشتن و فراوانکردنەوەی نفوزو دەسەڵاتدارێتیدا پەیڕەوکرد لەوانە :
کێبەرکێی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان لە سیاسەتی ھەیمەنەدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقیاو ئەمریکای لاتین و ، دەستخستنە نێو کاروباری ناوخۆیان . بەم سیاسەتە ململانێیەکی فراوان بۆ دەیان ساڵ ھاتە ئاراوەو تا ھەرەسی سۆڤیەتی خایاند .
ئەم سیاسەتە کە بە ( جەنگی سارد ) ناونرا بەرە بەرە ھاوکێشەی توانایی نێوان سۆڤیەت و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی گۆڕی . یەکێتی سۆڤیەتی ناچار بە کێبەرکێی خۆپڕچەککردن ، بەتایبەتی چەکی ئەتۆمی کرد ، ئەمەش ئەرکێکی لەرادەبەدەری خەرجکردنی سەر ئابووری سۆڤیەت خست و بەرنامەی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی گەلانی سۆڤیەتی تووشی ئاستەنگی کرد و ، چیتر ” سۆسیالیزم ” ەکەی سۆڤیەت نەیدەتوانی بگاتە ئاستی ئابووری سەرمایەداری ، ئەوەش سەرەتای ئاستەنگی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو و ، بووە مایەی خۆشکردنی زەمینەی ھەرەس و پشتگیریی گەڕانەوە بۆ سەرمایەداری لەلایەن جەماوەرێکی بەرینی چین و توێژەکانی گەلانی سۆڤیەتەوە .
ئەم سیاسەتە ( جەنگی سارد ) ھاوتەریب بوو لەگەڵ سیاسەتێکیدیکەی دەوڵەتی سۆڤیەت ، ئەویش سیاسەتی ” کرانەوە ” بوو بەڕووی رۆژئاوادا ، سیاسەتی ( ململانێ و پێکەوەگونجان ) ی ” سیستمە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان ” بوو .
دەوڵەتی سۆڤیەت بۆ چەواشەکردنی پڕۆلیتاریاو گەلانی سۆڤیەت و ، پڕۆلیتاریاو گەلانی وڵاتانی ” سۆسیالیست ” بە تێزەکانی ” کێبەرکێی ئاشتیانە ” و سیاسەتی ” ئاشتیانەی ” دەوڵەتی سۆسیالیستی و ” پێکەوەژیان ” ئەو سیاسەتەی نێوان خۆی و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی پەردەپۆش دەکرد .
رەوتی پاشەکشێ و شکستی شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبەر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا ، ھەروەکو رەوتی بەرپابوونی شۆڕش و بنیاتنانی سۆسیالیزم و سەرکەوتنی لە جەنگە چینایەتییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەکەدا ، لە میتۆدو یاسا زانستییەکانی مارکس ( ماتەریالیزمی دیالێکتیکی و مێژوویی ) دا دەبینرێن .
یاسای ” بزوتنەوە – جووڵە ” وەک یاسایەکی رەھا لە ھەڵکشان و داکشاندا ، بە شێوازی ئەرێیانەو نەرێیانە لە سەرجەمی گۆڕانکارییەکاندا دیاربووە . یاسای ” کارلێککردنی ” دیاردەکانیش ، لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکاندا رۆڵی ھەبووەو ، تەواوی سیستەمەکەی وەک یەکەیەکی پێکھاتوو لەو بوارانە ئاڕاستەکردووە .
شکستی ئەزموونی سۆسیالیستی لە یەکێتی سۆڤیەت لەھەمان سەدەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ، بەدەر نییە لە پێکھاتەی چینایەتی کۆمەڵگەی روسیای سەرەتای سەدەی بیستەم ، ھەروەک بەدەر نییە لە ناکۆکییەکانی نێوخۆی دەوڵەت و حزبی بەلشەفی سۆڤیەت و ، فشاری ھەلپەرستانی راست و چەپی نێو حزب و دەزگاکانی دەوڵەت لە ھەموو کایەکاندا . ئەم ناکۆکییانە ھۆکاری سەرەکی و بنەڕەتیی شکستەکان و بەزاندنی نموونەی ” سەرمایەداریی دەوڵەتی ” بوون لەبەرامبەر ” سەرمایەداری بازاڕی ئازاد ” دا . کۆبوونەوەی ئەم ھۆکارانە و ، کەڵەکەبوونی و مانەوەی بەبێ چارەسەر لەدەیان ساڵدا ، سیمای کۆمەڵگەی سۆڤیەتییان گۆڕی و بە ھەرەسی سیستمەکە کۆتاییھات .
ئەمڕۆ لەیادی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر شۆڕشی ئۆکتۆبەرو دامەزراندنی دەولەتی شۆرەویدا ، لە کۆتایی سەدەیەک ململانێی چینایەتیدا ، لە سەدەیەک خەباتی ھەمەچەشنە ، ھەر لە خەباتی سەندیکایی و ئابووریی کرێکاران ، تا دەگاتە خەباتی پاسیفیستانەی رێکخراوە سۆسیال دیموکراتەکان ، تا خەباتی چەکدارانە ، بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیھانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلان ، وەک دوو باڵی رەوتی بەرەوپێشکشاوی مێژوو ، لەبەردەم چەند حەقیقەتێکدان . ئەم حەقیقەتانە بەرھەم و دەسکەوتی ھەردوو بزووتنەوەکەیە لە سەد ساڵی رابردوودا ، دەشێت بۆ مەودایەکی مێژوویی نزیک یان دوور ، بۆ سەرھەڵدانەوەی بزووتنەوەکەو ململانێی ھێزە چینایەتییە نەیارەکانی کۆمۆنیزم و دیاریکردنی ئاسۆیەکی روون بۆ بزووتنەوە کرێکارێیەکان و بزووتنەوەکانی رزگاریی نیشتمانی و نەتەوەیی ، لەبەرچاو بگیرێن و، ململانێی چینایەتی لەسەر ئاستی جیھانی پێ نۆژەنبکرێتەوە . حەقیقەتەکان یان پرسیارە لۆجیکییەکان بۆ گەیشتن بەو حەقیقەتانە بریتین لە :
وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی ، پرسی یەکەم و بنەڕەتیی شۆڕشە بۆ چینی کرێکار و بەدیھێنانی سۆسیالیزم و کۆمۆننیزم .
توندوتیژیی ، وەک مارکس دەڵێت ، مامانی مێژووەو ، چینە چەوسێنەرەکان ، بە بێ کاری توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەی چینە چەوساوەکان ، ھەرگیز کورسی دەسەڵات بەجێناھێڵن .
توندوتیژیی شوناسی چینایەتی ھەیە و ، ئەو چێنەی بەکاریدەھێنێت شوناسەکەی دیاریدەکات ، شۆڕشگێڕانەیە یان دژە شۆڕشە .
شێوازی گونجاوی شۆڕشی سۆسیالیستی ، شێوازی شۆڕشی ئۆکتۆبەرە ، واتە راپەڕینی چەکدارانەی کرێکارانی رێکخراوە لە حزبی پێشڕەوی چینایەتی خۆیاندا .
دەوڵەتی سۆسیالیستی ، وەک مارکس دەڵێت ، دەوڵەتی دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریایە .
بەبێ حزبێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێر ، وەک دەستەی سەرکردایەتی و پێشڕەوی پڕۆلیتاریا ، شۆڕشی سۆسیالیستی سەرکەوتن بەدەستناھێنێت ، ئەگەر بۆ ماوەیەکی مێژووش بەدەستیبھێنێت ، دواتر لەدەستی دەدات ، مەگەر میکانیزمێکی شۆڕشگێڕانەی وەک شۆڕشێکی بەردەوام لەژێر سایەی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریادا بگرێتەبەرو تا سەرکەوتنی ئێجگارەکی لەسەر ئاستی جیھاندا ، پەیتا پەیتا نۆژەنی بکاتەوە .
خەونی بەشەرییەت بۆ ژیانێکی باشتر بەردەوامە ، خواستی بنبڕبوونی ھەموو شێوەکانی چەوساندنەوە لە ناخ و ویژدانی ھەموو کەسێکی ئازادیخوازدایە ، نان و ئازادی دووانەیەکن بۆ زامنکردن و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان ، ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی دروشم و رایەڵەی یەکانگیری ئاواتی چینە چەوساوەکانن لە سەرانسەری مێژووی چینایەتی و ململانێی چینایەتیدا .
شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبەر بە ھەموو دەرس و پەندەکانییەوە ، پەیامی ھیوا بە مرۆڤە چەوساوەکان دەبەخشێتەوە ، بەو ھیوایەوە ھەزاران رێکخراوو حزب و ، ملیۆنەھا کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش ، بەرەو ئاسۆی دواڕؤژێکی نوێ ھەنگاودەنێن و خۆیان بۆ شەڕی سەروماڵ سازدەدەنەوە .
30 – 10 – 2017

لێدوانێک بنووسە