شکستەکەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان …. جەختبوونەوەی چەند راستییەک

14 تشرینی دووهەم

شکستەکەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ….
جەختبوونەوەی چەند راستییەک
فوئاد قەرەداغی
دوای دەرچوونی ئەنجامی راپرسییەکەی 25 ی ئەیلول و دەنگدانی رێژەیەکی گەورەی ھاووڵاتیانی باشووری کوردستان بۆسەربەخۆیی ، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا گرژی تێکەوت . رۆژبەرۆژ ناکۆکییەکانیان بەرەوژوور ھەڵکشا ، تا لە 16 ی ئۆکتۆبەردا تەقییەوەو ئاکامەکەی بە فەشەلی مەبەستەکانی ریفراندۆم و لەدەستدانی کەرکوک و ھەموو ناوچە جێناکۆکەکان کۆتاییھات . بەم پێیە پرسی رەوای گەلی کورد لانیکەم 26 ساڵ بۆ دواوە گەڕایەوەو ، گوتاری سەربەخۆیی جەزرەبەیەکی کاریگەری بەرکەوت .
ئەو رۆژە ، رۆژی وەرچەرخانێکی مێژوویی نەرێیانە بوو . رۆژی شکستی سیاسی و عەسکەریی و ئیداری و دیپلۆماسیی دەسەڵاتی کوردی بوو لە چارەکە سەدەی رابردوودا . بەم شکستە ، قۆناغێک لە مێژووی باشووری کوردستان پێچرایەوەو ، قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد . ئایدیۆلۆژی و سیاسەت و بەرنامەو گوتاری ” نەتەوەیی ” ، تەواوی حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی “ھەرێم ” ، بە سەرەکی و لاوەکی و ، رەسمی و ناڕەسمییەوە ، لەڕووی مێژووییەوە ، کەوتن وکۆتاییانھات و بوونە رابردوویەکی بێزراوو نەفرەتلێکراو .
ئەمڕۆ سەرکۆنەکردنی یەکتری ، تەخوینکردن ، دۆشدامان ، سواڵی وتووێژ لە دەسەڵاتی ناوەندی ، ئەو زامە مێژووییە چارەسەرناکات ، بۆیە دەبێت ئەو رابردووە بەجێبھێڵرێت . ئیدی سەرکەوتنی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد پێویستیی بە ئەلتەرناتیڤێکی نوێ ھەیە ، پێویستیی بە گوتارێکی سیاسیی نوێ ھەیە . دەبێت وەک ئەزموونێکی شکستخواردوو سوودی لێوەربگیرێت و، سەرلە نوێ ستڕاتیژی پرسی رزگاریی نەتەوایەتی کورد دابڕێژرێتەوە ، بۆ بەرچاوڕوونی ئەم ستڕاتیژەش ، دەبێت لەسەر چەند راستییەک ھەڵوێستە بکرێت و ، بۆ بەرنامەڕێژیی دواڕۆژی بزووتنەوەکە رەچاوبکرێت ، چونکە بەبێ ئەوە ، بزووتنەوەکە ھەر لەم گێژاوەی ئێستایدا دەخولێتەوە و ، دوای دەیان ساڵیدی ، دیسان دێینەوە خاڵی سفر. دیارترینی ئەو راستییانە بریتین لە :
1 ) پرسی نەتەوەیی کورد ھەمیشە شکستیھێناوە . دوو ھۆکاری سەرەکی ئەو شکستەیان بەسەرداھێناوە : سەرکردایەتی خێلەکیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی و ، سەرکردایەتیی ئاوێتەی خێڵ و بۆرژوا لە سەد ساڵی رابردوودا ، ئەمەش بنەمای یەکنەبوونی گوتاری نەتەوەیی و ناکۆکیی نێوان چین وتوێژەکانی بووە وەک ھۆکاری دووەم .
2 ) خۆشباوەڕی و ساتوسەودای سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە لەگەڵ دەسەڵاتدارە شۆڤێنیستەکانی ئەو گەلە سەردەستانەی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا پێکەوە ژیاوین و دەژین و ،چاوبڕینیان لە پشکی زێتری دەسەڵاتی ناوەند .
3 ) وابەستەیی بزووتنەوەکە بە دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە ، یان بە دەوڵەتە گەورەکانی جیھانەوە . ئەوەش واتای نەبوونی سەربەخۆیی ئیرادەو بڕیاردان و ، پاشکۆیەتی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت .
4 ) نزمیی ئاستی تیۆری و سیاسی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە لە لێکدانەوەو خوێندنەوەو ھەڵسەنگاندنی ئەو بارودۆخە ناجێگیرو کاتییانەی پێیداتێدەپەڕێت . ھەروەھا پچووککردنەوەی چەمکی ” سەربەخۆیی ” بۆ نەخشەو ئاڵاو پەیوەندیی دەرەوە و ، رووتکردنەوەی لە بوارەکانی سەربەخۆیی : ( سیاسی ، ئابووری ، عەسکەری ، دیپلۆماتی ، رۆشنبیری و پەروەردەیی ) . بەبێ بەدەستھێنانی سەربەخۆیی لەم بوارانەدا ، نەك ھەر سەربەخۆییەکی کەموکورت دەبێت ، بەڵکو دەبێتە وابەستەیی و نۆکەرایەتیی بۆ دەوڵەتانی بیانی .
5 ) لەبیرکردن ، یان فەرامۆشکردنی رووکارو شێوازی سەرەکی خەبات بۆ بەدەستھێنانی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و ، فریوخواردن بە ” خەباتی مەدەنی ” و ” خەباتی پاسیڤیتی – ئاشتیانە ” و بانگەشە بۆ رێبازی ” بەرەنگاریی نەرێیانە ” ی ( غاندی ) و ( ماندێللا ) ، بەتایبەتی لەلایەن رۆشنبیرانی وردەبۆرژواوە ، بەبێ رەچاوکردنی واقیع و ھەلومەرجی بابەتیی پرسی گەلی ستەمدیدەی کورد ، کە دەبێت تا سەربەخۆیی ، پشت بە شاخ و چەکەکانی دەستیان ببەستن .
ئەمڕۆ پرسی کوردو بزووتنەوە رزگاریخوازییەکەی ، بەھەڵواسراوەیی ، لە ھەلو مەرجێکی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیدا ماوەتەوە . تێپەڕاندنی ئەم حاڵەتەو بەردەوامیی بەرەو بەدیھێنانی ئەرکە مێژووییەکەی : سەربەخۆیی کوردستان ، داڕشتنەوەی ستڕاتیژو تاکتیکی خەبات بۆ ئایندە ، دەکاتە ئەرکێکی مێژوویی و ، بەرنامەی کارێکی نوێ و جیاواز ، لەو مێژووەی بە مایەپووچیی ریفراندۆم و شکستەکەی 16 ی ئۆکتۆبەرو رۆژانی دوایی کۆتاییھات .
9 – 11 – 2017

لێدوانێک بنووسە