تێپەڕاندنی شکست بە ئەلتەرناتیڤی نوێ

14 تشرینی دووهەم

تێپەڕاندنی شکست بە ئەلتەرناتیڤی نوێ
فوئاد قەرەداغی
ئامانجی ئەم نووسینە وەکو نووسینی پێشتر ” شکستەکەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان …. جەختبوونەوەی چەند راستییەک ” بەرچاوڕوونییە بۆ کۆی ئەو ھەلومەرجەی بارودۆخی فەرمانڕەوایی ھەرێمی دوچاری شکست کرد ، بەنیازی گەیشتن بەچەند ئەلتەرناتیڤ و ، داڕشتنەوەی ستڕاتیژی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد ، واتە ئامانج دانانی چارەسەرێکی ھەنووکەیی نییە بۆ بارودۆخە گڕسەندووەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا ، کە دەشێت ئالییەتێکی گونجاو بۆ بەرژەوەندیی بۆرژوازییەتی عێراقی ، ماڵی ھەردوولایان بۆ مەودایەکی مێژووییدیکە رێکبخاتەوە . کردنەوەی دەرگایەکیشە بەڕووی خەمخۆرانی بزووتنەوەکەدا بۆ تاووتوێکردنی دواڕۆژێک کە ژیانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردی پێوە بەستراوەتەوە .
ئەگەر ئەوە بسەلمێنین : ” ھەرێم ” لە ئاستەنگێکی سەرتاپاگیردایە ، ئەگەر باوەڕ بە پرنسیپی گۆڕانکاریی لە ستڕاتیژو تاکتیکی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورددا ھەبێت ، ئەوا دەبێت رابردووی بەر لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 ، تەنھا وەک دەرس و پەند بھێڵرێتەوەو ، کار بۆ ھێنانە کایەی ئەڵتەرناتیڤی گونجاو بۆ ئەم قۆناخە نوێیەی بزووتنەوەکە بکرێت . بۆ ئەوەی ھەڵەکانی رابردووش نەکرێنەوە ، دەبێت دەست لەسەر ئەو بوارانە دابنرێت کە گۆڕانکاریی پێویستە . دەبێت پێش داڕشتنەوەی ستڕاتیژو تاکتیکی بزووتنەوەکە واقیعی ئەو بوارانە بناسرێت ، بێ بەزەییانە بەر رەخنە بدرێن . لێرەدا چەند لایەنێکی ئەو واقیعە دەخەینەڕوو بەھیوای ئەوەی ھەریەکە لەلای خۆیەوە بەشداریی تێدا بکات و ، لەلایەک بابەتەکە دەوڵەمەند بکەن و ، لەلایەکیدییەوە سەرەنجامێکی ھاوتا بە قۆناخە نوێیەکە ، سەر رێڕەوی داھاتووی بزووتنەوەکە بخەن .
1 ) گوتاری نەتەوەیی
ھەر لە کۆتایی یەکەم جەنگی جیھانی و ، دواتر لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە ، چەندین جار گوتاری نەتەوەیی لەم بەشەی کوردستاندا ئاڵوگۆڕی بەسەردا ھاتووە . پرسی کورد لەم بەشەی کوردستاندا چوونەپێشەوەو پاشەکشەو بەدواداھاتنی بەسەردا ھاتووە ، ھەر ماوەیەک لەو مێژووەدا چارەسەرێکی بۆ دانراوە ، ھەر لە دانپێدانانی ” مافە رەواکان ” وە تا : ( لامەرکەزی و حوکمی خۆجێیی پارێزگاکان ، ئۆتۆنۆمی ، ئۆتۆنۆمی راستەقینە ، فیدراڵی ، سەربەخۆیی ) .
سەربەخۆیی ، وەک مافی ھەر نەتەوەیەک ، دواچارەسەری بزووتنەوە نەتەوەییەکە بوو بۆ پرسی کورد ، بەڵام بەرەوڕووی رەتکردنەوەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتە گەورەکانی جیھان بووەوەو ، بۆ لەشکرکێشیی عێراق بووە بیانوو ، ئەنجامیش شکستەکەی کەرکوک و لەدەستدانی ناوچە جێناکۆکەکان و فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان و … ھتد ، بوو . ئێستا زەمینە بۆ حوکمی ” سەربەخۆ ” ی ھەر پارێزگایەک بەجیا خۆشدەکرێت ، واتە دوای نزیکەی سەدەیەک لە لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە ھێنراوینەتەوە خاڵی سفر . ئایا دەبێت چ ئەڵتەرناتیڤێک بۆ پرسی کوردو خەباتی لەمەودوای خەڵکی ستەمدیدەی کورد دابنرێت ؟ ئەوە پرسیاری یەکەم و ھەرە گرنگی ئەمڕۆیە کە دەبێت داڕشتنەوەی ستڕاتیژی بزووتنەوەکە وەڵامی بداتەوە .
2 ) حیزبایەتی
بەحیزبیکردنی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان ، یەکێکە لە دیاردە سەرنجڕاکێشەکان . لە کۆمەڵگەیەکی چەند ملیۆنیدا دەیان حیزب و رێکخراوی سیاسی ھەیە .
ئەم حیزبانە ئاستی جیاجیان ھەیە . حیزبێکیان دەسەڵاتدارو باڵادەست و خاوەن ھێزی چەکدار لەگەڵ شەریکێکی ” دۆست و نەیار ” دەسەڵاتدار لە ناوچەیەکی فراوانداو خاوەنی ھێزی چەکدار . حیزبێکیدی خاوەن بنکەیەکی جەماوەری و پێگەیەکی بەھێزی پەڕلەمانی ، بەڵام بێ ھێزی چەکدار . چەند حیزبێکی ئیسلامی بەھێز لەڕووی پایەی کۆمەڵایەتییەوە . چەند حیزب و رێکخراوی ” شیوعی ” و کۆمۆنیستی ، لەگەڵ دەیان حیزب و رێکخراوی سێبەری حیزبە دەسەڵاتدارەکان .
ئەم حیزبانە ، بەدەسەڵاتدارو بێ دەسەڵاتیانەوە ، لەماوەی 26 ساڵی حوکمی فیدراڵیدا دەستکەوتێکی بەرچاویان بۆ پرسی کوردو جەماوەرەکەی نەبوو . بە پێچەوانەوە ، رۆژ لەدوای رۆژ ، قەیران لەسەر قەیران کەڵەکە دەبێت و کوردەواری ھاتۆتە سەر رۆخی ھەرەسێکی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی ، … ھتد .
ھەڵبەت ھەریەکە لە حیزبەکان بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەکانی خۆیان ھەیە ، بەڵام لە پڕاکتیکدا دەستەوسانن و ، بەرنامەکانیان وەک خۆی ماوەتەوەو ، تەنانەت لە ژیانی نێوخۆی حیزبایەتیشدا پێڕەو ناکرێن . ئەم حیزبانە لەگەڵ سەرنەکەوتنی ریفراندۆم و گەیشتنی سوپای عێراق و مێلیشیای حەشدی شەعبی بە دواخاڵی ناوچە جێناکۆکەکان ، ئیتر بەرنامەو پڕۆژەی سیاسییان لە حوکمی ھەڵوەشاوەدایەو ، پاساوێک بۆ بەردەوامییان نەماوەتەوە .
ئێستاو بۆ دواڕؤژی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی بە گشتی و ، پرسی کورد بە تایبەتی ، ئەڵتەرناتیڤی ئەم حیزبانە چیە ؟ ” بژار ” بوونیانە ؟ گۆڕان و گەشەپێدانی بەرنامەو سیاسەتەکانیانە ؟ یان ھەڵوەشانەوەو پێکھێنانی رێکخستنی شێوە نوێیە بەپێی ئەرکی ئەو قۆناخەی لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات ؟ ئەوە دووەم پرسیاری بەردەمی ستڕاتیژی پرسی نەتەوایەتییە ، دەبێت وەڵام وەرگرێتەوە .
3 ) ھێزی چەکدار
نیو سەدە زێترە کوردستان ھێزی چەکداری خۆی ھەیە . ناوی ئەم ھێزە چەند جارێک گۆڕانی بەسەردا ھاتووە ، بەڵام ناوی ھێزی پێشمەرگەی پێبڕاوەو لەمێژووی بزووتنەوەکەدا ئەم ناوە جێگیر بووە .
ئەم ھێزە لەسەرەتادا ، تەنانەت تا راپەرینی 1991 خاوەنی چەکی سووک بوو . لەو سەرەتایەدا بڕنەوو یانزەتیریان بەکاردەھێنا . بەو چەکانەوە بەرامبەر تۆپ و تانک و فڕۆکە جەنگییەکان دەجەنگان ، دواتریش توانییان کڵاشینکۆف و سیمۆنۆف بەدەستبێنن . لە قۆناخێکیدیکەدا نارنجۆک و ئاڕبیجییان بۆ ھێرشکردنە سەر سەربازگە پڕ چەک و تفاقە سەربازییەکان بەکاردەھێنا . واتە ئاستی چەکەکانیان وەک خۆی نەمایەوە ، رۆژبەڕۆژ پشتیان بەچەکی نوێتر دەبەست و ، ھەر بەو چەکە سادانە پانتاییەکی بەرینی باشووری کوردستان ئازادکراو ، کەوتە ژێر قەڵەمڕەوی ئەو ھێزەوە . ئەمجارە کە شکستیانھێنا ، خاوەنی چەکی قورس بوون ، بەڵام شەوورۆژێک بەرگرییان بۆ کرا .
گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا گەلێکی شەڕخواز نەبووە بەڵام ھەمیشە ناچارکراوە دەستبداتە چەک بۆ بەرگری لە بوونی خۆی . چەک و جوگرافیا ھەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی کورد بوون و لە توانەوە پاراستویانە . ئەمە راستییەکی حاشاھەڵنەگری مێژووی کوردە دەبێت ئەمڕۆش لەبەرچاو بگیرێت ، ئەگینا لە نێو سیاسەتی بێ مۆڕالی داگیرکاری و چاوچنۆکیی نەیارەکانی ئازادیی گەلەکەماندا ، دەبینە پۆڕی خوراو .
شیوازی جەنگی ھێزەکانی بەرگری لە کوردستاندا ، تا سەردەمی راپەڕین ، جەنگی پارتیزانی بوو . دەستەی پچوک پچوک و سوکەڵە ، جووڵان و مانۆڕی خێراو ، دەستوەشاندنی لەناکاوو خۆشاردنەوەی دەمودەست بوو . شێوەی رێکخستنی سەربازییانەیان بۆ ئەمجۆرە جەنگە گونجاو بوو . بەڵام لەدوای راپەڕینەوە شێوازی رێکخستنیان گؤڕاو لە شێوەی سوپایەکی نیزامیدا رێکخران و راھێنانیان پێکرا ، توانییان بەر بە ھێرشەکانی داعش بگرن . ئەم ھێزە رێکخراوە بەو چەکانەوە کە داعشیان پێ بەزاندبوو ، لە بەرامبەر ھێرشەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دواییدا ، خۆیان رانەگرت ، بۆیە کشانەوەو ئەو ناوچانەیان چۆڵکرد .
ئێستا ئەڵتەرناتیڤی ئەم ھێزە چییە ؟ رۆڵی چیی دەبێت ؟ چۆن موتمانە بەخۆی پەیدا دەکاتەوە ، لە ستڕاتیژیی نوێی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورددا چ جێوڕێیەکی دەبێت ؟ بە سەربەخۆیی دەھێڵرێتەوە ، یان دەبێتە بەشێک لە ھێزی بەرگریی عێراقی ، یان ھەڵدەوەشێنرێتەوە ؟ ئەمە پرسیارێکیدییەو چاوەڕوانیی وەڵام دەکات .
4 ) رێکخراوەکان
لە کوردستانی ئەمڕۆدا سەدان رێکخراو ھەیە . نەقابەکان ، یەکێتییە پیشەییەکان ، رێکخراوە جەماوەرییەکان ، رێکخراوەکانی ( ئێن. جی . ئۆ ) … ھتد . ئەم رێکخراوانە لەسایەی حیزبەکاندا ، بەتایبەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکان ، بوونیان ھەیە . ھەر رێکخراوە سەر بە حیزبێکە ، لە چوارچێوەی ئەجندای حیزبەکانیاندا کاردەکەن . کارکردنی قۆرخکارانەی حیزبەکانیان ، یان ھاوپەیمانییان ، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر شێوازو ئاڕاستەی کاریان ھەیە . بەشێکی بەرچاویان لە” ھاوپەیمانێتی ” ، یان لە بەشداربوونی کاری رێکخراوەیی حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا ھەن و ، لە بازنەی بەرنامە رێکخراوەییەکەی ئەواندا ھەڵدەسووڕێن .
ئەو رێکخستنانەی لە شێوەی : ( نەقابە ، یەکیتیی پیشەیی ، رێکخراوی ” جەماوەری ” و رێکخراوی ئێن جی ئۆ ) ھەن ، بۆ فراوانبوونەوەی پێگەو بنکەی حیزبەکان پێکھاتوون ، واتە مەبەستی سەرەکی لێیان بۆ جەماوەریبوونەوەی حیزبەکانە ، بەڵام لە واقیعی ئەمڕۆی کوردستاندا ، کاریگەرێتییان نییە ، خۆیان جەماوەری نین تا حیزبەکان جەماوەریبکەنەوە . کورت و پوخت سیستمی کاری رێکخراوەیی سست و بێگیانەو رۆڵێکی لە بەدیھێنانی ئامانجی جەماوەرەکەی خۆیاندا نییە ، بۆیە ئەوەی پێیدەگوترێ ” کۆمەڵگەی مەدەنی ” کارێکی رووکەشی بێ ناوەرۆکێکی ئیجابییە لە ژیانی کۆمەڵگەدا .
لە ستڕاتیژیی نوێی بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوایەتیدا ، رێکخراوە ” جەماوەرییەکان ” ، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، چ رۆڵێکیان دەبێت و لەسەر چ بنەمایەک پێکدەھێنرێنەوە ؟ وەکو ئێستا بەرگێکی حیزبی دەپۆشن ؟ یان دەبنە رێکخراوی راستینەی جەماوەری و لەنێو جەماوەرەکەیانەوە دوور لە دەستێوەردانی حیزبی ھەڵدەبژێردرێن ؟ ئەمەش پرسیارێکیدییە ، دەبێت ئەڵتەرناتیڤی نوێی کاری رێخراوەیی راشکاوانە وەڵامیبداتەوەو لە ستڕاتیژیی نوێدا جێیەکی بۆ بکرێتەوە .
5 ) دیارە ئەو خاڵانە زۆرن کە ستڕاتیژیی ئایندەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی دەستی گۆڕانکارییان لێبدا . من گومانم ھەیە بتوانێت ئەو ھەنگاوە بنێت . جێوڕێی چینایەتی بزووتنەوەکە بۆ خۆی رێگری ئەو گۆڕانکارییەیە . لەگەڵ ئەوەشدا ، لەم دەستپێکی قۆناغە نوێیەدا بەو پەڕی پەرۆشییەوە چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی ئەو خاڵانەی سەرەوەو ، ئەم چەند پرسەیدی دەکەین :
أ – پرسی سیستمی پەڕلەمانی . لەسەری بەردەوام دەبن یان ئەڵتەرناتیڤێکی نوێی بۆ دادەنێن ؟
ب – وابەستەیی بۆ دەوڵەتەکانی دراوسێی عێراق ، بەتایبەتی ئێران و تورکیاو عەرەبستانی سعودی و میرنشینەکانی خەلیج و مەیلی دۆستایەتیکردنی ئیسرائیل . لەسەری بەردەوام دەبن یان سنورێکی بۆ دادەنێن ؟
ج – وابەستەیی بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ، خۆگرێدان بە ستڕاتیژو ئەجنداکانی ئەوەوە لە ناوچەکەدا .
د – پەیوەندیی دۆستانە بە عەرەب و تورک و فارس و گەلانی ناوچەکەو جیھان و ھێزە پێشکەوتنخوازەکانیان ، داڕشتنەوەی رێڕەوی خەباتی ئایند ەی بزووتنەوەکە لەسەر ئەو بنچینەیە و تێکۆشانی ناوکۆیی بۆ گۆڕانکاریی دیموکراسی و سۆسیالیستی لەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەشکراوین .
ئەم بارودۆخەی ئێستا ، گۆڕانکاریی ستڕاتیژو تاکتیکی سیاسی دەوێت ، دواڕۆژی پرسی کورد لەسەر دروستیی ھەنگاوەکان و روونیی ھەڵوێستەکان و ھوشیاریی ھەمە لایەنە راوەستاوە . ئایا لەو ئاستەی بەرپرسیارییەتەداین ؟ ھەڵبەت بە کردەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەڵام وەردەگرینەوە .
10 – 11 – 2017

لێدوانێک بنووسە