گوتاری رزگاریی نەتەوایەتیی کورد و شێوازەکانی خەبات بۆ بەدیھێنانی ( ئەڵقەی دووەم )

15 تشرینی دووهەم

گوتاری رزگاریی نەتەوایەتیی کورد و شێوازەکانی خەبات بۆ بەدیھێنانی
ئەڵقەی دووەم
فوئاد قەرەداغی

بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوایەتی و بزووتنەوە چینایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە رەوتی خەباتی خۆیاندا ، دەبێت پەنا بۆ چەند شێوازی تێکۆشان ببەن ، لەنێویشیاندا ، شێوازێک سەرەکی دەبێت و ھەموو شێوازەکانیدی کۆمەك بە چوونەپێشەوەی ئەوشێوازە دەکەن .
پەیڕەوکردنی شێوازێک ، کارێکی رەھا نییە . دەشێت بەپێی ھەلومەرجی بزووتنەوەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.
بزووتنەوە سیاسییەکان ، بۆ بەدیھێنانی بەرنامەکانیان ، دەبێت وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە شێوازی تێکۆشانیان بدەنەوە . دەبێت شێوەی تێکۆشانیان بۆ ئەو قۆناخە دیاریبکەن . چونکە سەرکەوتنیان بە ھێڵی سیاسی و شێوازی گونجاوی خەباتیان لەو قۆناخەدا بەندە .
داڕشتنی ستڕاتیژو تاکتیکی قۆناخێکی دیاریکراوی خەبات بۆ بزووتنەوە سیاسییەکان بە ئەلف و بێی کاری سیاسی دەژمێردرێت ، ھەروەھا دیاریکردنی شێوازی بردنەپێشەوەی ھەریەک لە تاکتیکەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی ستڕاتیژیی بزووتنەوەکە ، رۆڵی یەکلاییکردنەوەی سەرکەوتن و سەرنەکەوتن دەبینێت ، دیارە لەم رووەوە ، دەبێت ھەلومەرجە ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانییەکە و چۆنایەتی مامەڵەکردنیان رەچاوبکرێت . ئەم رەچاوکردنەش پەیوەندیی بە خوێندنەوەی ململانێکانەوە ھەیە ، بەتایبەتی دوو لایەنی سەرەکیی ململانێکە ، کە لە گشتێتی خۆیدا بەلایەنی چەوساوەو چەوسێنەر دیاریدەکرێت و ، بۆ ھەر حاڵەتێکیش بەجیا لایەنەکانی ململانێ و ناکۆکی دەستنیشان دەکرێن ؛ بۆنموونە لە شۆڕشی دیموکراتی نیشتمانیدا : لایەنەکانی دەرەبەگی و بۆرژوا کۆمپرادۆر ، یان بۆرژوا بێرۆکرات و ، ئەو دەوڵەتە ئیمپریالیستییە ، یان داگیرکەرەی لە پشت ئەو دوو چینەوەیە ؛ لەشۆڕشی سۆسیالیستیشدا : لایەنی کارو سەرمایە ، واتە ململانێی کرێکاران و سەرمایەداران و ، ھێزە ھاوپەیمانەکانی شۆڕش و ھێزە نەیارەکانی .
بزووتنەوە سیاسییەکان ، بە گشتی ، بۆیەکلاییکردنەوەی ململانێکانیان ، بەپێی ھەلو مەرجی بزووتنەوەکانیان ، دەست بۆ شێوازەکانی خەباتی ئاشتیانەی مەدەنی و شێوازی توندوتیژیی لەڕیی خەباتی چەکداری ( راپەڕینی چەکدارانە ، جەنگی گەل ) دەبەن و ، ئاڕاستەی ستڕاتیژو تاکتیکی بزووتنەوەکەیانی پێدەکەن ، بەم شێوازانە :
یەکەم : شێوازی مەدەنی
لە نێو شێوازە مەدەنییەکاندا دەتوانین دەیانیان لێدەستنیشان بکەین . لێرەدا ئاماژە بەو شێوازانە دەکەین کە لە ئاستێکی جیھانیدا باون و ، زۆرینەیەکی حزب و رێکخراوەکانی جیھان ، وەک شێوازی سەرەکی کارکردنیان پێڕەوی دەکەن و ، لە پاڵیاندا چەند شێوازێکی یارمەتیدەریش بەکار دەھێنن :
1 ) خەباتی ئاشتیانەی پەڕلەمانی ، خەباتی سەر سەندووقەکان دەنگدان و پێشبڕکێی حزبی و ” دەستاودەستکردنی دەسەڵات ” .
2 ) مانگرتن شێوازێکیدیکەی خەباتی ئاشتیانەی مەدەنییە . ئەم شێوازە چەند جۆری ھەیە ، ھەریەکەیان بۆ بەدیھێنانی مەبەستێک پێڕەودەکرێت . لەوانە : ( مانگرتنی گشتی ، مانگرتنی سیاسیی جەماوەری ، مانگرتنی دانیشتن و بەجێنەھێشتنی شوێنی کار ” پەناگیریی ” ، مانگرتنی ئابووری لەشێوەی بایکۆتی ئابووریدا ، مانگرتن لە خواردن ، مانگرتنی کرێکاران لەکار ، دەستبەسەرداگرتنی کارگەکان ، مانگرتنی مامۆستایان و خوێندکاران لە خوێندن و دەوامی خوێندنگەکان و زانکۆکان ، ھاریکارینەکردنی دەزگا حکومەتییەکان و ھەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکانیان ) .
3 ) رێپێوان و خۆنیشاندان وەک شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەستھێنانی داواکارییە جەماوەرییەکان و ، بەرپەرچدانەوەی پێشێلکردنی مافە سیاسی و ئابووری و مەدەنییەکان .
4 ) کاری جەماوەری وەک : ( کارکردن لە بزووتنەوەی سەندیکایی جیاجیادا ھەر لە سەندیکای کرێکارانەوە تا سەندیکاکانی پیشەوەران ، کارکردن لە یانە جیاجیاکان و رێکخراووکۆمەڵە رۆشنبیریی و ئەدەبی و پەروەردەییەکان و ، بەشداریی کۆڕو کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە کارگەکان و گەڕەکە شەعبییەکان و گوندەکان بەگشتی و گوندە دوورەکان بە تایبەتی ) .
5 ) پروپاگەندەی بەردەوام وەک ئامرازی پڕۆسەی ھاندان و رێکخستنی جەماوەر . ھاندانی رۆژانە لە نێو خەڵکدا ، لەنێو بزووتنەوەو چالاکیی یەکبینەی جەماوەردا ، واژۆ کۆکردنەوەو بەرزکردنەوەی یاداشت و سکاڵانامە دەربارەی داواکاری و داخوازییە ھەنووکەییەکانی جەماوەرو ، بەکارھێنانی رۆژنامەو بڵاوکراوەو دروشم و لافیتەی سەر دیوار و شەقامەکان ، بەستنی ئەڵقەکانی ھوشیارکردنەوەو کۆنگرەی تایبەت بە پرسە جیاجیاکان .
6 ) شێوازی دایەلۆگ و پۆلیمیک و گفتوگۆو دانوستان . پەیوەندی پێویست بۆ ئەو مەبەستەو ، پاراستنی سەربەخۆیی کارو بڕیاردان .
وەک لە شوێنێکیدیدا ئاماژەم بۆ کرد ، دەشێت ھەموو ئەم شێوازانە لە قۆناخێکدا ، یان لەبەرامبەر بارودۆخێکدا ، یان بۆ ھەماھەنگی شێوازێک یان چەند شێوازێکیدیدا بەکاربھێنرێت و سوودیان لێوەربگیرێت .بەڵام ئایا لە ئاستی پرسی نەتەوایەتی گەلێکدا ، یان لە ئاستی پرسی وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسییەوە لەلایەن چینی کرێکارەوە ، واتە پرسی شۆڕش بۆ سەربەخۆیی گەلێک و پرسی شۆڕشی کۆمەڵایەتی پڕۆلیتاریا ، چەندە شێوازەکانی خەباتی مەدەنی دەتوانن ببنە شێوازی سەرەکی و ، تا چ رادەیەک لەگەڵ دڕندەیی وشەڕەنگێزی و بێمۆڕاڵیی دوژمناندا دێنەوە ؟ ئەوە لە وتاری داھاتوودا ھەوڵدەدەین تاووتوێی بکەین . ( ماویەتی )

14 – 11 – 2017

لێدوانێک بنووسە