گوتاری رزگاریی نەتەوایەتیی کورد و شێوازەکانی خەبات بۆ بەدیھێنانی ئەڵقەی چوارەم

28 تشرینی دووهەم

گوتاری رزگاریی نەتەوایەتیی کورد و شێوازەکانی خەبات بۆ بەدیھێنانی
ئەڵقەی چوارەم
فوئاد قەرەداغی

بیست و شەش ساڵە لە کوردستاندا سیاسەتێکی دووفاقانە پەیڕەودەکرێت ، حزبە دەسەڵاتدارەکان لەلایەک ھێزی چەکداریان ھێشتۆتەوەو پشت بەو ھێزە فەرمانڕەوایەتی و ، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەکەن ، لەلایەکیدیکەوە شەووڕۆژ باس لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن ، بۆ ئەم مەبەستەش مۆڵەتی کاری سەدان رێکخراوی مەدەنی ( لە واقیعدا حزبی ) یان داوەو ، وەک کارێکی دیپلۆماتی و وابەستەیی بۆ سەرمایەداریی جیھانگیر ، بواری کاریان بۆ رێکخراوەکانی ( ئێن . جی . ئۆ ) رەخساندووە . بۆ ئەم مەبەستەش ھەموو تواناکانی راگەیاندنیان بەگەڕخستووە. واتە لەلایەک دژ بە ” ئەقڵییەتی شاخ ” دەدوێن و ، بە کردەوەش بەو” ئەقڵییەتە ” وە ، کەبە چەمکی ئەوان شێوازی ” توندوتیژی” یە ، بەرامبەر رەخنەو جووڵانەوە ئیعتیرازیەکانی جەماوەر دەبنەوە ، ( سەرکوتی جەماوەری ناڕازیی سەراکانی ئازادی ) وەک نموونە .
بەرئەنجامی ھەموو جەنگەکان لە مێژوودا ، وێرانکاری و کوشتارو جینۆسایدو گرانی و برسێتی و سەرگەردانی و ئاوارەیی و کێشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بووە ، بەتایبەتی بۆ ئەولایەنانەی جەنگەکانیان دۆڕاندووە . لە کوێ و ، لە چ شوێنێکی ئەم جیھانەدا ، جەنگی بێخوێنڕشتن و نەرمونیان بینراوە ؟ ئەوە تایبەتمەندیی جەنگە ، بە جەنگی رزگاریخوازانەی نیشتمانی و جەنگی چینایەتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشەوە . ئەوە راستییەکی نەشاردراوەیە کە چینە چەوساوەکان ، گەلە ستەمدیدەکان ، دەوڵەتە ژێردەستەکان ، لەئاستی چینە چەوسێنەرەکان و وڵاتانی داگیرکەرو دەوڵەتە گەورەکاندا ، چۆکیان دانەداوەو ، دوای شکست تێھەڵچوونەتەوەو درێژەیان بە خەباتی خۆیان داوە ، لە رابردوو دەرس و پەندیان وەرگرتووەو رێگای ململانێیان گرتۆتەوەبەر بە ململانێی چەکدارانەی پڕاوپڕ لە توندوتیژیی و دەریایەک خوێنەوە ، بۆیە ” جینۆسایدو ئاشبەتاڵ و شکستەکان ” بۆ نائومێدی و خۆبەدەستەوەدان پاساو نین . رێگای مێژوویی سەرکەوتن ، پڕۆسەیەکی پێچاوپێجی ململانێ دەگرێتەبەر و ، دەرئەنجام ئەگەر شکستەکان چەند بارەش ببنەوە سەرکەوتن بەدەستدەھێنن . ئەمە یاسای رەوتی چوونەپێشەوەی خەباتی چین و گەلە ژێردەستەکانە .
ھەڵبەت بیروبۆچوون دەبێت لە ئەزموونەوە سەرچاوە بگرێت ، ئەوە بابەتێکی خۆویست و ئیرادەگەریانە نییە . ئەم ئەزموونە لە مێژووی مرۆڤدا دەبینرێت ، ئەزموونی سەرکەوتن لەڕێی شۆڕشی چەکدارەوە ، ئەزموونی خەباتی ئاشتیانەی مەدەنی ، یان لە قۆناغی بەر لە شۆڕشدا کاریگەر بووە بۆ سازدانی جەماوەرو ئامادەکردنیان بۆ شۆڕش ، یان لە کاتی شۆڕشدا یاریدەدەری کارە شۆڕشگێڕییەکان بووە .
مێژوو ئەوەی سە لماندووە کە چینەکان ، نەتەوەکان ، مرۆڤ وەک پێکھاتەی مرۆڤانەی خۆی ، شەڕەنگێز نەبوون ، لایەنداری ململانێ و بەیەکادانی خوێناوی نەبوون ، ئەوە چینە باڵادەست و دەوڵەتە ستەمکارەکانن چینە ژێردەستەکان و گەلانی ستەمدیدە ناچار بە بەرەنگاری و پەنابردنە بەر توندوتیژیی دەکەن . ئەمە واقیعێکە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە مێژووی خۆیدا ، بە کردەوە ، بەسەریدا ھاتووە ، خوێندنەوەی ھەلومەرجی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستاندا ئەم واقیعە دەسەلمێنێت و خەباتی ئاشتیانەی مەدەنی لە ھەلو مەرجی جیھانی و ناوچەیی و ناوخۆییدا ، کەمتر بواری پەیڕەوکردن و سەرکەوتنی ھەیە . واتە تا سەربەخۆیی یان ئەلتەرێکناتیڤەکانی لێی دواین ، دەبێت ھیچ شێوازێکی خەبات فەرامۆش نەکات و کامەیان بە مافەکانی دەگەیەنێت ، بۆ ئەو قۆناخەی تێیدایە ، وەک ئەڵقەی سەرەکی و شێوازی بنەڕەتی بە دەستیەوە بگرێت . بۆ راستی ئەم بۆچوونانەش ، خوێندنەوەیەکی ئاست و مەودای خەباتی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی پێویستە ، بۆ نموونە : لە رۆژھەڵات چ شێوازێکی ئاشتیانە پێویستە ئەڵقەی ناوەندیی تێکۆشان بێت ؟ لە باکوور پەکەکە و حزبەکانیدیکە چ رێگایەکی ئاشتیانەی مەدەنی ھەڵبژێرن بۆ سەربەخۆیی یان بۆ پڕۆژەکەی ئۆجەلان لە پێکھێنانی رۆژھەڵاتی ناوینی دیموکراتدا ؟ لە رۆژئاوا چ شێوازێکی ئاشتیانە ، تورکیاو سیستمی بەعسی سوریا ناچار بە دانپیادانانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد دەکات و کانتۆنەکان دەپارێزێت ؟ لە باشوور بە چ شێوازێکی مەدەنی و ئاشتیانە لانیکەم دۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆپێش 16 ی ئۆکتۆبەر ؟ ( ماویەتی )

26 – 11 – 2017

لێدوانێک بنووسە