گوتاری رزگاریی نەتەوایەتیی کورد و شێوازەکانی خەبات بۆ بەدیھێنانی ئەڵقەی سێیەم

27 تشرینی دووهەم

گوتاری رزگاریی نەتەوایەتیی کورد و شێوازەکانی خەبات بۆ بەدیھێنانی
ئەڵقەی سێیەم
فوئاد قەرەداغی

دووەم : شێوازی چەکداریی
شێوازی چەکداریی بۆ بەدیھێنانی ئامانجە چینایەتی و نەتەوەییەکان ، شێوازێکیدیکەی خەباتەو ، پێشینەیەکی لە مێژووی مرۆڤدا ھەیە . ئەم شێوازە لەسەر بنەمای توندوتیژیی و ململانێ داڕێژراوە .
مێژووی مرۆڤ ، مێژووی ململانێی چینایەتییە ، ململانێی کۆیلەکان و خاوەن کۆیلەکان ، ململانێی کۆیلەکانی زەوی و جووتیاران لەگەڵ دەرەبەگەکاندا ، ململانێی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران . رەنگدانەوە یان کاریگەرێتی ئەو ململانێیە مێژووییە لەسەر ململانێی ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەیی … ھتد ، مێژووی مرۆڤ پێکدەھێنێت. رایەڵی بەرچاوی پێکەوەگرێدانی ئەو مێژووەش کاری توندوتیژییە . توندوتیژیی چینە باڵادەستەکان دژی چینە بندەستەکان و . کاردانەوەی توندوتیژانەی چینە چەوساوەکانیش دژی چینە چەوسێنەرەکان .
وەرچەرخانە مێژوویەکان و گۆڕانکاریی کۆمەڵگاکانی بەشەرییەت لە پێکھاتەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بۆ پێکھاتەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێشکەوتووتر ، ھەمیشە لە رێگەی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە بووە ، ئامرازی شۆڕشەکانیش توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە بووە . ھیچ چینێک لە مێژوود ا بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری دەسەڵات نەبووەو ، ھیچ چینێکیش بۆ وەرگرتنی دەسەڵات فەرموویان لێنەکردووە . ئەم راستییە ، ھەر لەکۆمەڵگەی کۆیلایەتییەوە تا ئەمڕۆی کۆتایی گرێی دووەمی سەدەی بیست و یەکەم ، ھەموو رۆژێک ، بۆ جاری ھەزاران جارە خۆی دەسەلمێنێتەوە ، جووڵانەوەی مێژووش ھەر بەم شێوەیە دەڕواتە پێشەوە تا ئەو سەردەمەی چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤ نامێنێت و ، چینایەتی لەناودەچێت .
لەم ململانێیە چینایەتییەی سەرانسەری مێژوودا ، توندوتیژیی بەھەموو جۆرەکانیەوە سیمای ھەموو سەردەمەکانی نەخشاندووە ، بۆیە مارکس راستی گوتووە کە دەڵێت : ” توندوتیژیی مامانی مێژووە ” .
ھەڵبەت توندوتیژیی چەکدارانە ، لەھەر سەردەمێکدا ، بەپێی ئاستی گەشەکردنی مرۆڤ لە بواری بەرھەمھێناندا ، بەتایبەتی بەرھەمھێنانی چەک ، شێوازەکەی جیاوازی ھەبووە . چینە جیاوازەکان ، بەو چەکانەی بەردەستیان بەرگرییان لە بوونی خۆیان و لەناوبردنی چینە نەیارەکانیان کردووە ، بە جۆرێک مێژووی مرۆڤ ، مێژوویەکی خوێناوییە و ، ململانێی ئاشتیانە یان لەنێوان ” بنەماڵەی یەک چین ” دا بووە ، یان ” دەگمەن ” و ” استثناء ” ێکی مێژوو بووە .
چینەکان ، نەتەوەکان ، ئایینەکان ، خێڵەکان ، دەوڵەتەکان …ھتد ، کاتێک بەرەوڕووی ناکۆکییەکان بوونەتەوە ، کاتێک ململانێکانیان، بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەرنەکراون و گەیشتۆتە لوتکە و سیاسەت دەستەوسان بووە لە ئاستیاندا ، بە جەنگ شکاوەتەوەو ، جەنگ سەرەنجامی ململانێکانی یەکلایی کردۆتەوە .
ھەموو شێوازەکانی جەنگ ھەرلە جەنگی شەقام و سەنگەرلێدان لە شەقامەکاندا ، شۆڕش و راپەڕینی کۆیلەکان بۆ بەدەستھێنانی ئازادی ، شۆڕش و راپەڕینی جووتیاران لە کیشوەرە جیاجیاکانی جیھاندا ، راپەڕینی چەکدارانەی خەڵکیی لە شارە جیاجیاکانی جیھاندا ، یاخیبوونی سوپاکان یان بەشێکی سوپاکان ، پەیڕەوکردنی شێوازی تێرۆر وەک ئامراێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکان ، جەنگەکانی ناوخۆ ، ئەو جەنگانەی چین و توێژە چینایەتییەکانی وڵاتێک یان نەتەوەیەک یان چەند ئایین وتایەفەی ئایینی لەنێو دەوڵەتێکدا دژ بە یەکدی دەیکەن ، جەنگی داگیرکاریی ، جەنگی جیھانیی وەک ( جەنگی یەکەم و دووەمی جیھانی ) لەسەدەی بیستەمدا ، جەنگە سنووردارەکان لە ناوچەیەک یان لە نێوان دوو دەوڵەت ، راپەڕین و شۆڕشەکانی چینایەتیی کرێکاران و چینە ھاوپەیمانەکانیان ، شۆڕشەکانی رزگاریی نیشتمانی و نەتەوەیی … ھەموو ئەم جەنگانە توندوتیژییان بەکارھێناوەو ، چەک ئامرازی یەکلاییکردنەوەیان بووە ، ئەگەر شێوازێک لە شێوازەکانی خەباتی مەدەنیش بەکارھاتبێت ، ئەوە بۆ پشتگیریی شێوازە سەرەکییەکەو لە خزمەتی سەرخستنی ئەو شێوازەدا بووە .
ئەمە واقیعێکە بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوایەتی کورد لێی بەدەرنەبووەو ، تا بەدەستھێنانی مافی ئازادانەی بڕیاردانی چارەنووس ، کە سەربەخۆیی تا مەودایەکی مێژووییدیکە ، ئەلتەرناتیڤێکی ریزی پێشەوەیەتی و ، ئەگەری گواستنەوەی بۆ ئەلتەرناتیڤەکانی دیکەش ھەیە ( بڕوانە ئەڵقەی یەکەمی ئەم وتارە ) . داڕشتنی ستڕاتیژی بزووتنەوەکە بۆ دەیان ساڵی داھاتوو ، لەبەرتیشکی ئەزموونەکانی رابوردوودا ، دەبێتە ئەرک و بەرنامەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردو بزووتنەوەی کرێکاریی لە کوردستان و عێراقدا ، بەبێ کەرەسە کۆنەکان و ، بەپێچەوانەی ئەو مێژووەی شێوێندراوەو ئەو چارەنووسەی جەماوەری نائومێدکردووە . (ماویەتی)

25 – 11 – 2017

لێدوانێک بنووسە