بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت : گواستنەوەی ٣٩ قوتابخانەو ٦ پەیمانگەی ئاینی و ٥٠٠٠ خوێندکار لە وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا

22 نیسان

بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت : گواستنەوەی ٣٩ قوتابخانەو ٦ پەیمانگەی ئاینی و ٥٠٠٠ خوێندکار لە وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا

ئەمە بڕیارێکی نیوەناچڵە ، پەیوەندی بە هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکەوە هەیە . بڕیارێکی تاکتیکییە ، بە تێپەڕاندنی هەلومەرجە سیاسی و عەسکەرییەکەی ئێستا ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەیە . ئەمە بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە نییە و کێشەی توندڕەویی چارەسەر ناکات . یەکلاییکردنەوە بە رێکخستنی خوێندنی ئەو قوتابخانانە دەبێت بە یاسا . بەوەدەبێت ناوەندێتیی لە سیاسەتی پەروەردەیی حکومەتدا هەبێت و هیچ کەس و رێکخراوو حزب و لایەنێک چ لە کوردستاندا بن یان بیانیبن بێ سەرپەرشتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم کار نەکەن و دەستیان بۆ بردنەپێشەوەی ئەجندەکانیان ئاوەڵا نەبێت .
ئەم بڕیارە باری شانی وەزارەتی پەروەردە گرانتر دەکات . لە قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتدا کۆتایی بە دەسەڵاتی رەوتە ئیسلامییەکان بەسەر منداڵاندا نایەت ، بەڵکو ئەو دەسەڵاتە کە لە پشتەوە کار دەکات دەگوازنەوە بۆ نێوەندە پەروەردەییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم .
ئەم بڕیارە بەرئەنجامی لێکۆڵینەوە یان توێژینەوەیەک نییە ، ئەگەر نەڵێین سەرپێییە ، ئەوا لانیکەم دەتوانین بڵێین : سیاسەتی رۆژ و ناچاری بووە . ئیتر نازانم ئایا سەنەدێکی دەستووریی هەیە یان نە ؟
من راموایە رێگە لە کردنەوەی ئەو قوتابخانانە نەگیرێت ، چونکە لەلایەک ( وەک ماف ) دەبێت هەموو کەسێک ئازادی هەڵبژاردنی جۆری ئەو خوێندنەی هەبێت کە دەیەوێت ، لەلایەکیدیکەوە ئەم بەربەستکردنە مەیلی توندوتیژیی زێتر دەکات . باشترین چارەسەر ئەوەیە بە یاسا ئەرکی ئەو قوتابخانانە بخرێتە سەر ئەو لایەنانەی دەیکەنەوە ، خەرجیی قوتابخانەکان ، خوێندکارەکان ، مووچەی مامۆستاکان لەسەر خۆیان بێت ، چاودێریی ئەوەش بکرێت لە دەرەوە تەمویل نەکرێن و ، سزای یاسایی لەسەر هەبێت . چاکتر وابوو سەرۆکی حکومەت هەنگاوێکی بوێرانەی لەڕێی پەرلەمانی کوردستانەوە بنایەو ئاینی لە پەروەردەو خوێندن جودابکردایەتەوە .
لەکۆتاییدا دەڵێم شەڕی داعش ، شەڕیکی عەقیدەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە ، پێشینەی مێژوویی هەیەو لە واقیعی ئەمڕۆی کوردستاندا خەریکە رەگ و ریشە دادەکوتێت ، یەکلایی کردنەوەی ئەو شەڕە لەمەودایەکی درێژخایاندا دەبێت ، ئەویش سازدانێکی هەمەلایەنەی سیاسی ، عەسکەری ، فیکری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی دەوێت ، کە سەرەتا دەبێت جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت بێت و ، لەکاتی هەموارکردنەوەی دەستووریشدا بچەسپێنرێت و ، بە راپرسی بۆ دەستووری هەموارکراو ، لەلایەن جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە شەرعییەت وەربگرێت .

فوئاد قەرەداغی ٢١ ی نیسانی ٢٠١٥

لێدوانێک بنووسە