دەربارەی چارەنووسی پرسی رزگاریی نەتەوەیی کورد

23 تشرینی دووهەم

دەربارەی چارەنووسی پرسی رزگاریی نەتەوەیی کورد
فوئاد قەرەداغی
دوای بڵاوکردنەوەی کورتە وتارێکم بە ناونیشانی ” دادگای دەستوری عێراق ریفراندۆمی ھەڵوەشاندەوە …
دەبێت بۆ بەدیھێنانی ستڕاتیژی سەربەخۆیی چیی بکەین ؟ ” ، لە کۆی ئەوکۆمێنتانەی لەسەری نوسراون ، ھەست دەکەم پەیامەکەم بە باشی نەگەیشتبێت . لە کاتێکدا باسی ستڕاتیژی سەربەخۆیی دەکەم ، بەشێک لە ھاوڕێیانم باسی ئەمڕۆو دەسەڵاتی شکستخواردوی ھەرێم و ، چارەسەر بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا دەکەن .
لەڕاستیدا ئەوان و جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی کورد ناھەقیان نییە ، چونکە راستەوخۆ باجی کورتبینی ” سەرکردایەتیەکەیان ” دەدەن ، نە ریفراندۆم سەرکەوتنی بەدەستھێنا و ، نە سەربەخۆیی راگەیەندراو ، نە جێوڕێی دەسەڵاتی ھەرێم لە عێراق و ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جێگیربوو .
وتووێژێک کە نیازوایە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بکرێت : ناھاوتایە ، براوەو دۆڕاوی تێدایە ، سەرکەوتن و ژێرکەوتن ئاڕاستەی ئەنجامەکانی دەکات ، لایەک زەوی بەدەستھێناوەو لایەکەیدی زەوی لەدەستداوە ، لایەک دەسەڵاتی فراوانبووە و لایەک دەسەڵاتی بەرتەسکراوەتەوەو مەترسی لەدەستدانیشی لەسەرە .
پێشبینی دەکرێت باشووری کوردستان لە ھەرێمێکی عێراقی فیدرالییەوە ، بگەڕێتەوە بۆ ئۆتۆنۆمی یان بۆ حوکمی خۆجێی پارێزگاکان ، تەنانەت ئەگەر ناوی فیدرالیشی لەسەر بمێنێت ، ئەوا بە واقیعی کەوتۆتەوە ژێر سایەو کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ناوەندییەوە .
پرسی سەربەخۆیی ، بە واتا نەتەوەییەکەی ، بۆ سەروبەندی یەکەم جەنگی جیھانیی ( 1914 – 1917 ) دەگەڕێتەوە .
سەرجەمی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە کۆتایی جەنگدا خاوەنی گوتاری سەربەخۆیی بوون . سەربەخۆیی ستڕاتیژی ھەموو ئەو حزب و رێکخراوانە بوو کە لەساڵەکانی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی وسەردەمی جەنگی جیھانیدا پێکھێنران .
ئەم ستڕاتیژە نەتەوەییە ، لە بەرژەوەندی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ئەو سەردەمە نەبوو ، بۆیە بە ئاگاداری و پلانی ئەوان ، ئاستی خواستی نەتەوەیی کورد بۆ راسپاردەی ” رەچاوکردنی مافەکانی دانیشتوانی کوردستان ” دابەزێندراو ، لە ھەڵوەشاندنەوەی بەندەکانی پەیماننامەی ( سێڤر ) دەربارەی کوردو، مۆرکردنی پەیماننامەی ( لۆزان ) و ، یەکلایکردنەوەی کێشەی ویلایەتی موصل و ، لکاندنی باشووری کوردستان بەعێراقەوە ، بەرجەستەکرا .
ئەم گوتارە نەتەوەییە ، لە واقیعی سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و لکاندنی بەشێکی کوردستان پێیەوە ، لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی پێشوودا ، پێچرایەوەو نەخرایە نێو بەرنامەی زۆربەی حزب و رێکخراوە کوردییەکانی سەدەکەوە .
پرسی کورد لە تەواوی سەدەکەدا بووە خاوەنی گوتاری : مافە رەواکان ، ھەندێک مافی سادە لە سنووری لیوا ( پارێزگا ) کانی کوردستاندا ، سیستمی لامەرکەزی ، ئۆتۆنۆمی ، ئۆتۆنۆمی راستەقینە ، ھەرێمێک لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا .
ئەم گوتارە تا راپەڕینی 1991 درێژەیکێشا ، ئیتر لە راپەڕینەوە کۆمەڵێک حزب و رێکخراوی نەتەوەیی بەبەرنامەو گوتاری سەربەخۆییەوە سەریانھەڵدا ، ھەندێکیان پێشتریش ھەبوون وەک ( پاسۆک ) و پێشینەکەی ( کاژیک ) ئەگەرچی ھەلومەرجی کاری سیاسی لە کوردستاندا بواری گەشەکردن و بینینی رۆڵێکی کاریگەریی نەدابوون . لەنێو رێکخراوە چەپەکانیشدا ، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان گوتارو بەرنامەی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و جیابوونەوە لە عێراقی راگەیاند .
ھەرچەندە حزبەکانی بزووتنەوەی دەسەڵاتداری کوردایەتی و حزبەکانی سێبەر ، گوتاری فیدرالییان لەبەرنامەی خۆیاندا ھێشتەوە ، بەڵام لەسایەی ھەلومەرجی دوای کەوتنی بەعس ، گوتاری سەربەخۆیی لە فراوانبوونەوەو گەشەکردندا بوو ، تا ئەو رادەیەی حزبەکانی دەسەڵات خۆیان بکەنە خاوەنی و لە توند بوونەوەی گرژییەکانی نێوان بەغداو ھەولێر بیکەنە ئامرازی ھەڕەشەکردن . ریفراندۆمەکەی 25 ئەیلولی 2017 لەسەرێکەوە پەیوەند بووبە جێکەوتنی پرسی سەربەخۆیی لەناو جەماوەردا ، لەگۆشەیەکیدییەوە پڕاکتیکی سیاسەتێک بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق کە ھیچ پەیوەندییەکی بە مافە نەتەوایەتییەکانی کوردەوە نەبوو .
ئەمڕۆ ریفراندۆم بە واقیعی شکستیھێناوە ،پرۆژەی سەربەخۆیی وەک خەونی سەد ساڵی گەلی ستەمدیدەی کورد لەباربراوە ، ئەوەی لە راپەڕینەوە بەدەستھاتبوو لەدەستدراوە و ، دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر حکومەتی ناوەندی ، لە دۆخێکی دژواردایە . بە کورتی بزوتنەوەی رزگاریی نەتەوایەتی کورد ستڕاتیژو گوتاری سەربەخۆیی نەماوەو نەیارەکانی بە پاڵپشتیی ئەمریکاو دەوڵەتانی ناوچەکە دژایەتی دەکەن ، بۆ مەودایەکی مێژوو رێگری لەم مەیلە نەتەوەییە دەکەن . کەواتە دەبێت بزووتنەوەکە ( نەک حزبەکانی گۆڕەپانەکەی کوردستان ) خۆی بنیاتبنێتەوە ، ستڕاتیژێکی نوێ دابڕێژێت ، ئامرازەکانی گەیشتن بەو ستڕاتیژە دیاری بکات ، جا ئەو ستڕاتیژە سەربەخۆیی دەبێت یان ھەر رێگەچارەیەکیدی . لەبەر ئەوە کارەکە پەیوەندیی بە ستڕاتیژەوە ھەیە ، کارێکی درێژخایان دەبێت ، کاری تێکۆشەرانی ئەمڕۆو نەوەی ئایندە دەبێت و ، بەپێی ھەلومەرجی جیھانی و واقیعی بزووتنەوەکەو ئاست و چۆنیەتی رابەرایەتی ، پرسەکە دەچێتە پێشەوە تا ئازادی تەواوو بەدەستھێنانی ھەموو مافەکان .
ئەم پڕۆسەیە ، پێویستی بەکارێکی ھەرەوەزییە ، خۆکۆکردنەوەی دەوێت ، سەرکردایەتی شیاوو کارامەش رۆڵێکی گەورەو کاریگەریی تێدا دەبینێت .
21 – 11 – 2017

لێدوانێک بنووسە